زیندانی ورمێ؛ هاووڵاتییەکی خەڵکی کوردستانی باکوور بە ١٠ ساڵ و یەک رۆژ زیندان مەحکووم کرا

12:00 - 14 پووشپەڕ 2721

لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، هاووڵاتییەکی کوردی بە ناوی "سنوور تامارا"، خەڵکی کوردستانی باکوور، بە ١٠ ساڵ و ١ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرد.

کۆبوونەوەی دادگایی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕ بە شێوەی ئێلێکترۆنیکی و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەری دیاریکراو لەنێو زیندانی ورمێدا، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبی کرێکارانی کوردستان" بەڕێوە چووە و ڕۆژی شەممە ١٢ی پووشپەڕ، حوکمی ١٠ ساڵ و ١ ڕۆژ زیندان، بە فەرمی بە ناوبراو لە بەندی ژنانی ئەو زیندانە ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاییزی ٩٩، لە یەکێک لە گوندەکانی ورمێ لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٦ مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

 سنوور تامارا ٤ی خاکەلێوە، جارێکی دیکە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا کرابوو و پاشان بۆ زیندانی ورمێ گەڕێندرابووەوە.