زیندانی ورمێ؛ فاتمە دادوەند بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی ئازاد کرا

10:53 - 5 جۆزەردان 2721

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بانەمەڕ، "فاتمە دادوەند"، تەمەن ٤٣ ساڵ، کچی دەروێش و خەڵکی بۆکان کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ دەسبەسەر کرابوو و حوکمی زیندانی بەسەردا سەپابوو، بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ئازادیی فاتمە دادوەند بە قەبووڵکردنی لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بووە و بەپێی حوکمی دادگا، ناوبراو دەبێ ئەو ماوەیە کە لە حوکمی زیندانییەکەی ماوەتەوە لە چوارچێوەی ماڵەکەی خۆیدا و بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی تێپەڕێنێت.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٩٩، فاتمە دادوەند، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندی ژنانی زیندانی ورمێ کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە دوو دۆسیەی جیاجیادا، لە دادگای کەیفەریی بۆکان و مەهاباد بە ٥ ساڵ و ٥ مانگ زیندانیی تەعزیری و لێدانی ٣٠ زەربە قامچی مەحکووم کرابوو.

فاتمە دادوەند ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، لە لقی ١٠٣ دادگای ئینقلابی کەیفەریی ٢ی بۆکان بە سەرۆکایەتی دادوەر "مەهدی تەقی‌زادە" بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی بە ئاژاوەنانەوە و کەشفی حیجاب" دادگایی و لەو دادگایەدا، لە تۆمەتی‌ وەپاڵداروی کەشفی حیجاب بێتاوان ناسراو و بە تۆمەتی تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتیی بە ٥ مانگ زیندانیی تەعزیری و لێدانی ٣٠ قامچی مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە بۆکانییە ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی٩٩، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی وڵات" لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر "جەواد غوڵامی" دادگایی و سەرەتای مانگی پووشپەڕی ٩٩ حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیرییەکی بە پارێزەرە دیاری کراوەکەی ڕاگەیاندرابوو.

فاتمە دادوەند ڕێکەوتی ٢٥ خەزەڵوەری ساڵی ٩٨،  لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی لەهەمبەر گرانیی بێنزین دەسبەسەر کرابوو و بە دانپێنانی زۆرەملێ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی ڕووحیدا بوو و پاش چەند ڕۆژ، دانپێنانی زۆرەملێی ناوبراو لە هەواڵەکانی ٢٠:٣٠ لە شەبەکە ٢ی دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران، بڵاو کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزراو و ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ٩٩ بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.

فاتمە دادوەند، خاوەن سێ منداڵە.