زیندانی ورمێ؛ سەفەر و پەرویز نووری بە کۆتایی زیندانییەکەیان ئازاد کران

11:04 - 6 جۆزەردان 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٥ی جۆزەردان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سەفەر و پەرویز نووری"، خەڵکی گوندی "ئەنبێ" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، بە کۆتایی ماوەی زیندانییەکەیان لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کران.

ئەو دوو برا، کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٨، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و پاش ٢٧ ڕۆژ مانەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزران.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەزبەری ٩٨، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرابوون.

مانگی خەرمانانی ٩٩، سەفەر و پەرویز نووری، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان"، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، دادگایی و هەر کامەیان بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران کە دواتر حوکمەیان لە دادگای پێداچوونەوەدا، بۆ هەر کامەیان بۆ ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە، مانگی بەفرانباری ٩٩، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی ورمێ کران.