زیندانی ورمێ؛ زیندانییەکی مەزهەبی هاتە مەرەخەسی

11:04 - 18 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی گەلاوێژ، زیندانییەکی مەزهەبیی کورد بە ناوی "تۆفیق عەبدوڵڵاهی"، کوڕی حوسێن، خەڵکی مەهاباد و بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ هاتووەتە مەرەخەسی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەرەخەسیی ئەو زیندانییە مەزهەبییە بە دانانی بارمتە بووە.

پێشتر بەرپرسانی زیندانی ورمێ لەگەڵ مەرەخەسی و ڕاگواستنی تۆفیق عەبدوڵڵاهی بۆ زیندانی مەهاباد، دژایەتییان کردبوو.

ئەو زیندانییە مەزهەبییە ١٨ی گەلاوێژی ساڵی ٩٥، بە تۆمەتی "چالاکیی مەزهەبی"، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی ١٢٠ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بووە.

تۆفیق عەبدوڵڵاهی لە ماوەی لێپرسینەوەدا، لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێراگەیشتن بە پارێزەرە" بێبەری کرابوو و پاش ڕاگواستنی بۆ زیندانی ورمێ لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندیی گرتووە.

ئەو زیندانییە لە لقی لێپرسی دادگای ئینقلابی ورمێ تۆمەتەکەیڕوون کراوەتەوە و لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "چابۆک" بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، افساد فی الارض و ئەندامبوون لە گرووپە ئیسلامییەکان"، بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.