زیندانی ورمێ؛ زیندانییەک بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا

13:32 - 13 گەلاوێژ 2721

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ی گەلاوێژ، زیندانییەک بە ناوی "ئیبراهیم نەسیریخا"، خەڵکی شاری سەڵماس بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ کرا.

ئەو زیندانییە پێشتر بە تۆمەتی، "تاوانی ماددە سڕکەرەکان" لەلایەن دەزگای قەزاییەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١١ی گەلاوێژ، حوکمی لەسێدارەدانی سێ زیندانی بە ناوەکانی "سێپێهر عەبباس‌نژاد"، کوڕی بەهمەن، خەڵکی گوندی "تولەکی" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، "ئەسکەندەر زاڕع"، کوڕی ئیبراهیم، خەڵکی گوندی "زندەشت" سەر بە سەڵماس و "حەمزە ڕەزایی"، کوڕی ڕەزا و خەڵکی گوندی "قەسرک" سەر بە سەڵماس، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

ناوبراوان پێشتر بە تۆمەتی "تاوانی ماددە سڕکەرەکان" لەلایەن دەزگای قەزاییەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.