زیندانی ورمێ؛ جەواد یووسفی ئازاد کرا

17:03 - 11 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی دووشەممە ١١ی گەلاوێژ، زیندانییەکی مەزهەبی بە ناوی "جەواد یووسفی" لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ، ئەو زیندانییە مەزهەبییە هاتبووەوە مەرەخەسی.

جەواد یووسفی، خەڵکی ورمێ، ٢٣ی ڕەزبەری ٩٥ لە کاتی گەڕانەوە لە سەفەردا، لە جادەی مەهاباد ــ ورمێ، بە تۆمەتی "چالاکیی مەزهەبی و پڕۆپاگاندا"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.

ئەو زیندانییە مەزهەبییە، دواتر لە لقی ١٠ی لێپرسی دادگای ئینقلابی ورمێ تۆمەتەکەی ڕوون کرایەوە و بە "ئەندامبوون لە گرووپی ئەنسارۆلئیسلام"، تۆمەتبار کرابوو.

ئەو زیندانییە سوننە مەزهەبە، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا کە پاش ناڕەزایەتی دەربڕین بە حوکمی دادگای سەرەتایی، حوکمی ئەو زیندانییە لە لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "عەلیپوور"، لە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیرییەوە بۆ ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووە.