زیندانی نەغەدە؛ نادر زیایی‌فەر بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا

13:57 - 16 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی پووشپەڕ، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "نادر زیایی‌فەر"، کوڕی محەممەد و خەڵکی "مەلا عیسا" سەر بە ناوچەی "دەشتە بێڵـ"ـی شنۆ، بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەرمانانی ٩٩، ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، مانگی خەزەڵوەری ٩٨، هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاشان لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شنۆ، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوو.