زیندانی نەغەدە؛ لەگەڵ ئازادی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکیی باپیرە بەرزە دژایەتی کرا

17:26 - 20 خاکەلێوه 2721

لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، لەگەڵ داواکاریی ئازادی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکیی باپیرە بەرزە، زیندانیی سیاسیی خەڵکی گوندی "چیانە" سەر بە پیرانشار لە زیندانی نەغەدە دژایەتیی کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە حوکمی لقی ١ی دادگای پێداچوونەوە کە بڕاوەیە، هاتووە: "لەبارەی پێشنیاری یەکەی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای شاری پیرانشار لەمەڕ داواکاریی باپیرە بەرزە سەبارەت بە کەڵکوەرگرتنی ناوبراو لە سیستمی ئێلێکترۆنیکی، ناوبراو لە دۆسیەی ڕیزی ٩٨٠٠٠٨ی ئەو لقە، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبەکانی دژبەری نیزام"، حوکمی زیندانی بەسەردا سەپاوە و ئازادی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی بەپێی مادەی ٤٧ی یاسای سزای ئیسلامی، تاوانە ئەمنییەتییەکان لە خۆ ناگرێتەوە و ئەو داواکارییە ڕەد دەکرێتەوە".

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ٩٩، پاش ٨ ڕۆژ لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئیزنی مەرەخەسیی دەرمانیی پێدرا.

ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەزبەری ٩٩، ئەو هاووڵاتییە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، خۆی بە زیندانی نەغەدە ناساند.

مانگی گەلاوێژی٩٩، حوکمی زیندانیکردنی ئەو هاووڵاتییە لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ لە ٤ ساڵ بۆ ٢ ساڵ  و ٦ مانگ کەم کرابووەوە.

کەمکردنەوەی زیندانیی تەعزیریی "باپیرە بەرزە" بە جێبەجێکردنی پەسەندکراوەی مەجلیسی شورای ئیسلامی لەمەڕ کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری ڕوویداوە و دۆسیەی ناوبراو لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ جارێکی دیکە تاوتوێ کرابوو.

پووشپەڕی ساڵی ٩٨، حوکمی ٨ مانگ زیندانیی "باپیرە بەرزە" لەسەر سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات لە لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ ٤ ساڵ زیندانی زیادی کرد.

مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨ ناوبراو لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری پیرانشار بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا و پاش بڕینەوەی ئەو حوکمە بە دانانی بارمتەی ٢٢٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.