زیندانی نەغەدە؛ عەلی ئازەربەرزین بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی ئازاد کرا

11:30 - 24 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بانەمەڕ، عەلی ئازەربەرزین، زیندانیی سیاسیی خەڵکی پیرانشار، بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ٩٩، هاتبووەوە مەرەخەسی و ١٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، پاش کۆتایی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕابووەوە زیندانی نەغەدە.

ڕۆژی دووشەممە ۲۰ی ڕێبەندانی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ٤ی ڕەزبەری ۹۷، لەلایەن لقی ۱۰۲ی دادگای کەیفەریی دووی پیرانشار، بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئەمیر فەراسەت"، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە پێنج ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە  پشتڕاست کرابووەوە.

عەلی ئازەربەرزین ساڵی ۹٦، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکردنی بە شێوی کاتی ئازاد کرابوو.