زیندانی نەغەدە؛ شێرکۆ ئاگووشی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی ئازاد کرا

11:02 - 30 جۆزەردان 2721

ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردان، شێرکۆ ئاگووشی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی پیرانشار بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردان، ئەو زیندانییە سیاسییە بە کۆتاییهاتنی مەرەخەسییەکەی گەڕابووەوە بۆ زیندانی نەغەدە.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر، لەلایەن دادگای ئینقلابی پیرانشار بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ناوبراو لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە "هەوڵی چەکدارانە و تێکەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران"، تۆمەتبار کرا کە ئەو دۆسیەیە لە دادگای ئینقلابی مەهاباد ئاوەڵایە و کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ناوبراو لەو دادگایەدا بەڕێوە دەچێت.

شێرکۆ ئاگووشی، ڕۆژی شەممە ٩ی خەرمانانی ٩٨، پاش برینداربوونی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەسبەسەر کرابوو.

ڕۆژی هەینی ٨ی خەرمانانی هەمان ساڵ، "سادق ئاگووشی" برای ئەو هاووڵاتییە بەهۆی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران گیانی لەدەست دابوو.

هەروەها، "کاوە ئاگووشی"، باوکی ئەو دوو هاووڵاتییە، ڕۆژی هەینی ٨ی خەرمانانی ٩٨ دەسبەسەر و پاش کۆتایی لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.