زیندانی نەغەدە؛ سەید ئەحمەد سەبری بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

15:56 - 27 جۆزەردان 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی سەید "ئەحمەد سەبری"، کوڕی سەید مستەفا و خەڵکی پەسوێ، پاش نزیک بە ١ ساڵ ناڕوونیی چارەنووسی، بە دانانی بارمتە لە زیندانی نەغەدە ئازاد کراوە.

ئەو هاووڵاتییە، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شیوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە.

ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەزبەری ٩٩، ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئەلمەهدیی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕی ٩٩، سەید ئەحمەد سەبری دیسانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕشەمەی ٩٨، هێزە ئەمنییەتییەکان سەید ئەحمەد سەبرییان لەگەڵ باوکی، سەید مستەفا سەبری دەسبەسەر کردبوو و سەید مستەفا سەبری پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرابوو و سەید ئەحمەد سەبری بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، سەرەتاکانی مانگی خاکەلێوەی ٩٩، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی، بە شیوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان، سەید ئەحمەدیان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردبوو.