زیندانی نەغەدە؛ دژایەتیکردن لەگەڵ ئازادی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکیی دوو زیندانیی سیاسی

17:03 - 18 خاکەلێوه 2721

‌لەگەڵ داواکاریی ئازادی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکیی دوو زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی "ڕەحیم ڕەفعەتی"، کوڕی محەممەد و "ڕەحمان تابش"، کوڕی موراد، خەڵکی شاری شنۆ، دژایەتی کرا.‌

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو زیندانییە سیاسییە، داخوازیی ئازادی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکییان بۆ بەرپرسانی زیندانی نەغەدە ناردبوو، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ لەگەڵ ئازادکرانی ناوبراوان بە پێبەندی ئێڵێکترۆنیکی دژایەتی کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ۱٨ی ڕەشەمە ٩٩، ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کران.

مانگی ڕێبەندانی ٩٩، حوکمی ئەو دوو هاووڵاتییە لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ پشتڕاست کرایەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، لەلایەن دادگای ئینقلابی شنۆ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و تەبانی دژی نیزام"، ٣ ساڵ و ٧ مانگ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، ٨ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپابوو.

بەپێی یاسای کۆکردنەوە، جێبەجێکردنی حوکمی توندترین سزا بۆ ئەو دوو هاووڵاتییە لە ئارادایە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕی ۹۹، بەبێ بەڵگەی یاسایی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوون.

ناوبراوان مانگی ڕەزبەری ۹۹، پاش کۆتایی لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوون.