زیندانی مەهاباد؛ درێژەی ناڕوونیی چارەنووسی جەماڵ یووسفی و حوسێن ئیبراهیم هەمزە

11:36 - 7 بانەمەڕ 2721

چارەنووسی دوو زیندانیی کورد بە ناوەکانی "جەماڵ یووسفی"، خەڵکی گوندی "موشیراوا" و "حوسێن ئیبراهیم هەمزە"، کوڕی عەبدوڵڵا، خەڵکی گوندی "قەرەگۆل" سەر بە بۆکان، لە زیندانی مەهاباد هەروا ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بانەمەڕ، بۆ دادگاییکردنیان بانگهێشتی دادگای ئینقلابی مەهاباد کرابوون بەڵام کۆبوونەوەی دادگاییکردنەکەیان بەڕێوەنەچووبوو.

ئەو دوو زیندانییە، ساڵی ڕابردوو لە زیندانی بۆکان بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزران.

هەروەها ئەو دوو زیندانییە کوردە، سەرەتاکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٧، بۆ لێپرسینەوە لە زیندانی بۆکان ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دواتر بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە ساڵی ٩٥، بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراون.

وێنە: جەماڵ یووسفی و حوسێن ئیبراهیم هەمزە