زیندانی مەهاباد؛ خالید محەممەدزادە ئەقدەم لە مافی مەرەخەسی بێبەری کرا

13:52 - 30 بانەمەڕ 2721

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی " خالید محەممەدزادە ئەقدەم"، خەڵکی گوندی "خوڕخوڕە" سەر بە مەهاباد، لە زیندانی ئەو شارە، لە مافی مەرەخەسی بێبەری کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی زیندانی مەهاباد هەتا ئێستا لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی ئەو هاووڵاتییە دژایەتییان کردووە و ناوبراو لە مافی مەرەخەسی بێبەری کراوە.

خالید محەممەدزادە ئەقدەم، مانگی ڕەشەمەی ٩٩، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا.

ساڵی ڕابردوو، ئەو هاووڵاتییە، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ١ ساڵ و ٥ مانگ زیندانیی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا، بۆ ١ ساڵ و ٢ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەزی ٩٩، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرا.

خالید، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٩٩، پاش ٦٥ ڕۆژ دەسبەسەری لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسداران ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا.

ئەو هاووڵاتییە مەهابادییە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانی لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسدارن لە مەهاباد و ورمێدا، لێپرسینەوەی لێ کراوە. 

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا،  لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی"، بێبەری کراوە.

ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرابوو.