زیندانی شنۆ؛ هاووڵاتییەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

12:35 - 10 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "هاشم خوران"، خەڵکی گوندی "ئاڵیان" سەر بە ناوچەی "دەشتەبێڵـ"ـی شنۆ، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارەدا ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی شنۆ ئازاد کراوە.

هاشم خوران لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزە" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کراوە و هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووەوە سەر گوندی "ئاڵیان" و بەبێ بەڵگەی یاسایی هاشم خورانیان دەسبەسەر و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو و هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

هاشم خوران، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوو.