زیندانی شنۆ؛ زیندانییەکی سیاسی بە کۆتایی ماوەی زیندانییەکەی ئازاد کرا

11:41 - 27 بانەمەڕ 2721

زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "ئومید ئیبراهیمی"، کوڕی قادر و خەڵکی شنۆ، بە کۆتایی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە، ١٠ی بانەمەڕ لە زیندانی شنۆ ئازاد کراوە.

ئومید ئیبراهیمی پووشپەڕی ساڵی ٩٧، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە، پاش ٤٥ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی ئازاد کرابوو.

ناوبراو ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لە دادگای ئینقلابی شنۆ دادگایی و بە ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو کە دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووەوە.

ئومید ئیبراهیمی، ٢٣ی خەرمانانی ساڵی ٩٨، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرابوو.