زیندانی شنۆ؛ دوو هاووڵاتی بە دانانی بارمتە ئازاد کران

12:39 - 6 خەرمانان 2721

ئەمڕۆ شەممە ٦ی خەرمانان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەمین ئێرانیزادە"، کوڕی ناسر، خەڵکی گوندی "قاسملوو" سەر بە ورمێ و "شێرزاد شۆقی‌‌قاسملوو"، کوڕی خالید، خەڵکی گوندی "مام براییم" سەر بە ورمێ، بە دانانی بارمتە لە زیندانی شنۆ ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان ئازاد کراون.

ئەمین و شێرزاد، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوون.

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەمین ئێرانیزادەیان دەسبەسەر و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە، ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کردبوو.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی پووشپەڕ، شێرزاد شۆقی‌قاسملوو، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ورمێ دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە، ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارە کرابوو.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە"، بێبەری کراوە و هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی نابراوان، زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.