زیندانی خەڵخاڵ؛ سەلاح شەریف‌زادە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو

13:13 - 1 گەلاوێژ 2721

سەلاح شەریف‌زادە، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی بۆکان لە زیندانی خەڵخاڵ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاندووە: "بارودۆخی جەستەیی ئەو زیندانییە سیاسییە نالەبارە و هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندانی خەڵخاڵ بۆ چارەسەری پزیشکیی ناوبراو هیچ هەوڵێکی جیددییان ئەنجام نەداوە".

پێشتر بەرپرسانی زیندانی خەڵخاڵ بۆ دانی مەرەخەسی بە "سەلاح شەریف‌زادە"، داوای بارمتەیەکی قورسیان کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٤ی ڕەشەمەی ٩٧، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕەوانەی زیندانی خەڵخاڵ لە پارێزگای ئەردەبێڵ کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە ١٤ی پووشپەڕی ٩٧، بە تۆمەتی "هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش دەسبەسەرکرانی، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ناوبراو ١٤ی بەفرانباری ٩٧، پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

سەلاح شەریف‌زادە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمە ڕۆژی ٦ی جۆزەردانی ئەمساڵ، پشتڕاست کرایەوە.

هەروەها ئەو هاووڵاتییە بۆکانییە، ٤ی پووشپەڕی ١٣٧٤ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی خەڵخاڵ، بە تۆمەتی "محاربە و افساد فی‌الارض"، بە ١٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرابووەوە.

سەلاح شەریف‌زادە، پاش ئەوەیکە لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی خەڵخاڵ، حوکمی ١٦ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپابوو، چووبووەوە دەرەوەی ئێران.

ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی لە پووشپەڕی ساڵی ٩٧ و کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە زیندانی ورمێ، بۆ زیندانی خەڵخاڵ ڕاگوێزرابوو.