زیندانی بۆکان؛ هادی تەنوومەند ئازاد کرا

11:01 - 18 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی گەلاوێژ، هادی تەنوومەند، چالاکی کرێکاری لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا.

مەحموود ساڵحی، چالاکی کرێکاری بە ڕاگەیاندنی هەواڵی ئازادیی ئەو چالاکە کرێکارییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، نووسیویەتی: "هادی تەنوومەند پاش تێپەڕاندنی ١٤ مانگ زیندان و ٥ مانگ بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی و سەرجەم ١٩ مانگ زیندان، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠، کەوتووەتە بەر لێخۆشبوون و لە زیندان ئازاد کراوە".

ڕۆژی دووشەممە ٨ی بەفرانبار، ئەو چالاکە کرێکارییە، دوای تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی بۆکان.

ئەو چالاکە کرێکارییە، سەرماوەزی ئەمساڵ پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانی بۆکان، نێردرابووە مەرەخەسی.

ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕێبەندان ٩٨، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، بۆ تێپەڕاندنی ٤٢ مانگ زیندانیی تەعزیری، بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرا.

"هادی تەنوومەند"، ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ٩١، وێڕای ٥٧ کەس لە ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە کۆڕی گشتیی ساڵانەی ئەو کۆمیتەدا، لە شاری "کەرەج" دەسبەسەر کرابوو و دواتر بۆ زیندانی "ڕەجایی شار" ڕاگوێزرابوو.

ئەو چالاکە کرێکارییە، پاش ئازادکرانی لە زیندانی "ڕەجایی شار"ی کەرەج، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە کۆمیتەی هاوئاهەنگی و پڕۆپاگەندە دژی نیزام" دادگایی و بە ٤٢ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.