زیادبوونی هێرشی هەکێرەکانی ئێران لە ڕاستای دەستپێکردنی خولی دووهەمی گەمارۆوەکان

14:56 - 28 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆمپانیای ئەمنییەتیی سایبری \"فایرای\"، لە هەمبەر زیادبوونی هێرشی هەکێرەکانی ئێران بۆ سەر کۆمپانیاکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هۆشداری داوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئاسۆشیتدپرێس، کۆمپانیای ئەمنییەتیی سایبری \"فایرای\"، کە بنکە سەرەکییەکەی لە شاری کالیفۆڕنیای ئامریکایە، لە ڕاستای نزیکبوونەوەی ڕێکەوتی دەستپێکردنی خولی دووهەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، هۆشداری داوە کە هەکێرەکانی ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر کۆمپانیاکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەرین کردووەتەوە.

کۆمپانیای فایرای، کە لەگەڵ وڵاتی جۆراوجۆر و کۆمپانیا گەورەکان کار دەکات، ئەم گرووپە لە هەکێرەکانی ئێرانی بە ناوی APT33 دەناسێت، ڕایگەیاندووە، ئەم گرووپە بە ناردنی ئیمەیلی فیشینگ بە بیانووی هەلی کار دەستیان بە کامپیووتێرەکانی کۆمپانیای مەبەستیان ڕادەگات.

بە وتەی ئەم کۆمپانیایە، ئەم ئیمەیلە فیشینگانە بۆ کۆمپانیاگەلێک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئامریکای باکوور و ژاپۆن نێردراون، کە لە بوارەکانی نەوت و گاز، فڕۆکەوانی، بیمە، بەرهەمهێنان و پەروەردەدا کار دەکەن، بەڵام لەم ڕاپۆرتەدا ناوی ئەم کۆمپانیانە ڕانەگەیەندراوە.

ئەم کۆمپانیا ئەمنییەتییە سایبرییە ڕایگەیاندووە، کە لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە هەتا ئێستا گرووپی APT33 لەژێر چاوەدێرییە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کە چالاکییەکانی ئەم گرووپە ئەمساڵ ئاڵۆزتر و پێشکەوتووتر بوون.