زیاتر لە ٦٠ گوندی شاری ڕوانسەر بێ کارەبان

20:00 - 10 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: بارینی بەفر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرەڕای خەساری گیانیی هاووڵاتییانی کورد، بووەتە هۆی کەوتنی زیاتر لە ٦٠ دارتێلی کارەبا و بەو بۆنەوە هێندێک لە گوندەکانی کوردستان کارەبایان لێ بڕاوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شارۆچکەی حەسەن ئاوای سەر بە شاری ڕوانسەر و گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارۆچکە، بە هۆی شکانی دارتێلەکانی کارەبا، ماوەی سێ ڕۆژە بێ کارەبان.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند، ماوەی سێ ڕۆژە خەڵکی ئەو شارۆچکەیە و گوندەکانی دەوروبەری کارەبایان لێ‌بڕاوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت هەوڵی چاککردنەوەیان نەداوە.

ماڵپەڕی \"سراب روانسر\" لە زاری بەڕێوەبەری \"ستاد مدیریت بحران\"ی شاری ڕوانسەر بڵاوی کردەوە کە؛ زیاتر لە ٦٠ گوندی سەر بەو شارە بە هۆی بارینی بەفر و ڕەشەباوە کارەبایان پچڕاوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، زیاتر لە ٢٠٠ گوندی ناوچەکانی ماهیدەشت، بێڵەواری کرماشان و شائاباد بە هۆی بارینی بەفر لە ماوەی دوو ڕۆژی پێشوودا،کارەبایان نیە.

هەواڵدەریی \"مێهر\"ی کرماشان بڵاوی کردەوە، سەرەڕای چارەسەر کردنی کێشەی کارەبای ٣٠٠ گوند، بەڵام هێشتا ٢٠٠ گوندی ئەو پارێزگایە لە بێ‌کارەبایی دەناڵێنن.