زیاتر لە ٣ هەزار دوکتورای بێکار لە ئێراندا بوونیان هەیە

22:05 - 30 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: بێکاری لە وڵاتی ئێران رۆژ لە دوای رۆژ روو لە زیاد بوون دەکات و لە ماوەی ساڵانی رابردووشدا ئاماری بێکاران لە نێوان چینی خوێندەواردا بەشێوەیەکی سەرسووڕ بەرەو هەڵکشان چووە.

بە پێی دوایین سەرژمێری کەلە وڵاتی ئێران ئەنجام دراوە ٧٦٨ هەزار هاووڵاتیی بێکار لە وڵاتی ئێراندا بڕوانامەی \"فەوقە دیپلۆم هەتا دوکتورا\"یان هەیە کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٥٠٥ هەزار کەس خاوەن بڕوانامەی \"بەکالریۆس\" و ٢٠٧ هەزار کەس بڕوانامەی فەوقە دیپلۆمیان هەیە.

هەروەها زۆرترین رێژەی ئەو بێکارانە لە رشتەکانی \"زانستە مرۆییەکان و هونەر، زانستە کۆمەلایەتییەکان، بازرگانی، ماف و ئەندازیاریی بەرهەمهێنان\"دا بڕوانامەیان بەدەست هێناوە.

لاوازیی زانکۆکان لەمەڕ تواناسازی و پێگەیاندنی خوێندکاران بۆ کار لە بازارەکاندا بۆتە هۆکاری ئەوەی کە ئاماری بێکاری لە نێوان چینی خوێندەواردا بەردەوام روو لە زیادبوون بکات.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەعاون، کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، لە کۆی ئەو ٧٦٨ هەزار کەسەی کە لە زانکۆکاندا خوێندنیان تەواو کردووە، ٣ هەزار و ٣٨٨ کەس بڕوانامەی دوکتورای تایبەتیان بەدەست هێناوە.

هەروەها بەپیی ئامارێک کە ماوەیەک پیشتر بڵاو کرایەوە، ٦٣%ی خوێندکارانی ناوەندە باڵاکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە ریزی حەشیمەتی بێکارانی ئیراندا جێیان گرتووە.

وڵاتی ئێران بە نرخی بێکاریی ١٥.٥%ـەوە، لە نێوان ٢٠٢ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٤٨ی هەیە و کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە نرخی بێکاری لە وڵاتی ئێران لە ١٥.٥% زیاترە و هەروەها زیاترین نرخی بێکاری له ٤ ئوستانی کوردنشینی ئێران و بەتایبەتی لە ئوستانی ئیلام دایە.