زۆربوونی خەسارەتە کۆمەڵایەتییەکان لە پارێزگای کرماشان

12:11 - 28 رەزبەر 2720

بەرپرسی پزیشکی یاسایی پارێزگای کرماشان لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیسنا"، باسی لە خەسارەتە کۆمەڵاتییەکانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی کرد.

سەلیم خانی لەو وتووێژەدا، باسی لە گیان لەدەستداوانی ڕووداوی کاری لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵ کرد و ڕایگەیاند: لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٢٢ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها ڕایگەیاند: "ساڵی ڕابردوو لەو پاڕێزگایە ١٤ کەس بەهۆی ڕووداوی گیانیان لەدەست دابوو، بە بەرئاورد لەگەڵ ساڵی ٩٩، ٨ کەس زیادی کردووە".

بەرپرسی پزیشکی یاسایی کرماشان هەروەها ئاماژەی بە برینداربوونی ڕووداوی کار کردووە و ڕایگەیاندووە: "لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ٣١٧ کەس لە کاتی کارکردن بریندار بوونه.

سەلیم خانی هەروەها ئاماژە بە ڕێژەی سووتاوی هاووڵاتییان کردووە کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، ٣٧ کەس بەهۆی سووتاوی لەو پاڕێزگایە گیانیان لەدەست داوە کە بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو، لەسەدا ٣ زیادی کردووە.

ناوبراو هەروەها لەو وتووێژە ئاماژە بە خنکانی هاووڵاتییان لە کاتی مەلەکردن کرد و رایگەیاندووە: ئەمساڵ ٢٥ کەس لە کاتی مەلە کردن لە ئاودا خنکاون و ئەم ڕێژەیەش بە بەرئاورد لەگەڵ ساڵی ٩٨، لە سەدا ٩ زیادی کردووە.

بەرپرسی پزیشکی یاسایی پاڕێزگای کرماشان، هەروەها باسی لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک؛ ژاراویبوونی هاووڵاتییان بە خواردنی حەبی برینج ١١ کەس، گازگرتوویی ١٣ و کارەباگرتوویی ١٢ کەس کرد ،کە گیانیان لەدەست داوە.