زۆرانبازێکی کرماشانی بەهۆی پچڕانی دەمارییەوە گیانی لەدەست دا

12:13 - 15 بانەمەڕ 2721

وەرزشوانێکی تەمەن ٢١ ساڵە خەڵکی شاری کرماشان بە ناوی " عەلی دلفانی" زۆرانباز و ئەندامی تیمی میللیی "ناشنوایان" ئێران، لە کاتی ڕاهێنانی زۆرانبازی، بەهۆی پچڕانی دەمار، گیانی لەدەست دا.

ئەو وەرزشوانە کوردە کە خۆی بۆ کێبڕکێی جیهانیی زۆرانبازی لە وڵاتی تورکیە ئامادە دەکرد لە کاتی ڕاهێنان لە یانەیەکی تایبەت لە شاری "سەحنە"ی پارێزگای کرماشان، تووشی پچڕانی دەماری مل بووه.

عەلی دلفانی، پاش ١٠ ڕۆژ هەوڵی پزیشکەکانی نەخۆشخانەی تاڵقانیی کرماشان بۆ چارەسەری پزیشکی، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی بانەمەڕ، گیانی لەدەست دا.

 جێگری پەرەپێدانی کاروباری وەرزشیی ئیدارەی گشتیی وەرزش و لاوان لە پارێزگای کرماشان لەو  بارەیەوە ڕایگەیاندووە: بەپێی بارودۆخی کۆرۆنایی لە پارێزگای کرماشان، هیچ یانەیەک وەرزشی مافی چالاکیی نەبووە، بەڵام بەپێچەوانەی بڕیاراتی ستادی پارێزگا بۆ کۆرۆنا ئەو یانەیە چالاکیی هەبووە.