زمانی کوردی لە عێراق وەکوو زمانی فەرمیی ناسیندرا

20:04 - 18 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: پارلمانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا، زمانی کوردی لە گەڵ زمانی عەرەبی وەکوو زمانی فەرمیی ئەو وڵاتە پەسەند کرد.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژ رابردوو و دوابەدوای رێکەوتنی فراکسیۆنە نیوخۆییەکانی پارلمانی عێراق، گەڵاڵەی زمانە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە بە دەنگی ئەرێنیی نوینەران وەکوو یاسا پەسند کرا.

ماددەی ٤ی دەستووری کاتی عێراق کە چەند ساڵ پێش ئێستا و لە دوای رووخانی حکوومەتی بەعس ئامادە کرابوو، زمانی کوردی بە فەرمی ناسیبوو.

پەسەند کردنی گەڵاڵەی رۆژی سێەشەممە لە پارلمانی عێراق زمانەکانی تورکمانی و سریانیش لەخۆ دەگریت، بەڵام تەنیا لەو شوێنانە جێبەجێ دەکرێت، کە ئەو نەتەوانەی ئاماژەیان پێکرا زۆرینەی دانیشتوانی ناوچەکە پێک بێنن.

ئەم یاسایە کەلە ١٨ ماددە پێکهاتووە، حکوومەتی فیدراڵی عێراقی ئەرکدار کردووە کەلە ماوەی ٩٠ رۆژدا ئەو یاسایە بباتە قۆناغی جێبەجێ کردە.

لەمەوبەدوا کەڵک وەرگرتن لە زمانی کوردی لە هەموو نووسراوە فەرمییەکان لەسەر پارە، پاسپۆرت و کۆبونەوەکانی پارلمان و لێژنەی وەزیران پێویستە.

\"17730.jpg\"
موحسین سەعدوون ئەندامی فراکسیۆنی کوردستانی لە پارلمانی عێراق
ئەو گەڵاڵەیە لە ماوەی ٨ ساڵی رابردوودا بە هۆی دژایەتی فراکسیۆنە سیاسییەکانی پارلمانی عێراق نەیتوانیبوو دەنگی ئەرێنیی نوینەران بە دەست بێنێت.

موحسین سەعدوون ئەندامی فراکسیۆنی کوردستانی لە پارلمانی عێراق بە هەواڵدەریی پەیامنێریراگەیاندووە: پەسەند کردنی ئەم گەڵاڵەیە دەتوانێ رێژەی بێکاری لە نێو لاوانی کوردا کەم بکاتەوە ، چونکە کوردەکان جگە لە زمانی کوردی، ئاشنایی تەواویان لەگەڵ زمانی عەرەبی هەیە و دەتوانن لە ئیدارە حکوومەتییەکاندا وەکوو دیلمانج کار بکەن.

کوردەکان کە ٢٠%ی حەشیمەتی عێراق پێک دێنن لە زۆر بواردا وەکوو؛ پشکی بوودجەی هەرێمی کوردستان، رۆڵ و پێگەی پێشمەرگە و رادەی دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرچاوە ژێرزەمینییەکانی وەکوو نەفت و گاز، جیاوازی بۆچوونیان هەیە.