زاهیدان/ لاوێکی زیندانی لە ئەنجامی ئەشکەنجە هێزەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا

13:51 - 30 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراو لە زیندانی ناوەندیی زاهیدان بە هۆی کەمتەر خەمییەکانی بەرپرسانی بەندیخانەکەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر لە یەکێک لە بەندەکانی زیندانی زاهیدان لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵ بەناوی \"عەبدولواحید گومشادزهی\" کوڕی میرمحەممەد گیانی لەدەست دا.

چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران رایانگەیاندووە، ئەو لاوە بە هۆی رێگری کرانی لە چارەسەریی پزیشکی تووشی ئەو رووداوە بووە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، ئەو لاوە بەلووچە دوو ساڵ لەمەوبەر لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا و راگواستنی بۆ ئیدارەی ئاگاهی سەراوان، ئەشکەنجە کرابوو و بە کەرەسەیەکی \"ئاسنینی\" لەسەری درابوو.

پێشتریش پزیشکەکان سەبارەت بە رێگری و دواکەوتنی چارەسەریی پزیشکی عەبدولواحید هوشدارییان بە بەرپرسانی زیندانی زاهیدان دابوو، ئەمە لەحاڵێک دایە کە لێپرسراوان ماوەی چوار رۆژ دەبوو رێگرییان لە چوونی ئەو لاوە بەلووچە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان دەکرد.