زانیاریی ورد لەسەر کوژرانی سەربازێکی کورد

22:16 - 26 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: دوابە دوای کوژرانی سەربازێکی کوردی خەڵکی گوندی \"نگڵ\"ی سەربە شاری سنە بەناوی \"یاسر محەممەدی\" لە پادگانی ئەهواز، تاکە سەربازی کوردی هاوڕێی خۆی لەو پادگانە، نهێنییەکانی کوژرانی ناوبراوی ئاشکرا کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو سەربازە کوردەی کە لەگەڵ یاسر محەممەدی لە پادگانی ئەهواز سەرباز بووە بۆ بنەماڵەی ناوبراوی روون کردۆتەوە، \" یاسر محەمەمدی ٣ شەو پێش لە گیان لەدەست دانی لەسەر مەسەلەی نەتەوەیی و ئایینی لەگەڵ چەند سەربازێکی دیکە بە کێشە هاتووەو هاوکات لەلایەن فەرماندەری ئەو پادگانەشەوە بەتوندی بەرەوڕوی ئەشکەنجە، لێدان و سووکایەتی بۆتەوە\".

ئەو سەربازە کوردە کەلە سەربازی هەڵاتووە، ئاشکرای کردووە، \" ٢ شەو پاش ئەو رووداوە، کاتژمێر ٣ی نیوەشەو\" یاسر محەممەدی\" تووشی \"هەڵێنانەوەی خوێن(استفراغ خون)\" بووە گیانی لەدەست دا.

ئەو هاوڕێیەی یاسر محەمەدی بەو هۆیەوە لە سەربازی هەڵاتووە، بەهێچ شێوەیەک ئامادە نییە بگەرێتەوە بۆ سەربازی.

دەگوترێت کە پزیشکی دادوەریی شاری سنە بە بنەماڵەی ئەو سەربازە کوژراوەی راگەیاندووە، \"ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر تەرمی یاسر محەممەدی ٦ مانگی دیکە دەخایەنێت و دەبێ هەتا ٦ مانگی دیکە چاوەڕوان بن\".

\"یاسر محەممەدی\" تەمەن ١٨ ساڵ، کوڕی مەحموود و خەڵکی گوندی \"\"نگڵ\" کەلە ئوستانی ئەهواز سەرباز بووە، رێکەوتی ٨ی پووشپەڕ بنەماڵەکەی لەلایەن هێـزە ئینتزامییەکانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە ٢ رۆژ پێشتر رۆڵەکەیان بەهۆی راوەستانی دڵـەوە گیانی لەدەست داوە.