زانکۆی شەریف کەوتە لیستەی تەحریمەکانی یەکیەتیی ئورووپاوە

17:17 - 18 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: دادگای گشتیی یەکیەتیی ئورووپا لە نوێترین هەنگاوی خۆیدا زانکۆی سەنعەتی شەریفی خستە لیستەی تەحریمەکانی خۆیەوە.

ڕۆژنامەی \"وطن امروز\" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە؛ بە تۆمەتی هاوکاری کردنی زانکۆی شەریف لە کاروباری بەرنامەی ناوکی ئێراندا و لە سەر داوای یەکیەتیی ئورووپا، ئەم زانکۆیە خرایە لیستەی تەحریمەکانی ئەم یەکیەتییە.

هەندێک لە کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەڵێن؛ هۆکاری چەسپاندنی ئەم خولە نوێیە لە تەحریمەکان بۆ لاوازیی و پاسیڤ بوونی دەزگای دیپلۆماسیی دەوڵەت دەگەڕێتەوە، چوونکە سەرەڕای لابردنی تەحریمە ناوکییەکان لە پاش بەرجام، زانکۆی شەریف دەکەوێتە بەر شاڵاوی گەمارۆ نوێیەکان کە هاوشێوەی تەحریمەکانی ئامریکایە.

بە وتەی بەرپرسی پێشووی ئەم زانکۆیە، ڕەزا ڕوستا ئازاد، بە درێژەکێشانی ئەم تەحریمە کە سنووری کاتی نییە، زانکۆی شەریف تووشی کۆمەڵێک کێشەی بنەڕەتی دەبێتەوە کە دەکرێ وەک نمونە باس لە ئاڵووێری زانیاری و داتاکان، یان کڕینی کەلوپەلی تایبەتی تاقیگە (آزمایشگاهی) بکەین.

پێشتریش لە ساڵی٢٠١٢دا، زانکۆی ئاماژە بۆکراو بە تاوانی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ناوکی کەوتە لیستی تەحریمی دامەزراوە تەحریم کراوەکان و هەموو داراییەکانی زانکۆ لە وڵاتانی ئورووپایی دەستی بەسەردا گیرا.