رەسووڵ خزری خوازیاری سزادانی بکوژانی کۆڵبەرانی سەر سنوور بوو

21:13 - 18 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری خەڵکی سەردەشت و پیرانشار بە نووسراوە هۆشداری دایە وەزیری ناوخۆ و خوازیاری سزا دانی بەڕیوەبەران و بکەرانی تەقە کردن لە کۆڵبەرانی سەر سنوور بوو.

ماڵپەڕی زریان بڵاوی کردەوە، هۆشداریی رەسووڵ خزری، لەلایەن \"جەواد جهانگیرزادە\"وە بە شێوەی نووسراوە بە وەزیری ناوخۆ راگەیەندراوە.

لەو هۆشدارییەدا کە لە تریبۆنی فەرمیی مەجلیسەوە خوێندرایەوە، رەسووڵ خزری خوازیاری سزادانی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتیی ئیسلامیی ئێران بوو، کە وەک بکوژانی سەرەکیی کۆڵبەرانی شاری سەردەشت و پیرانشار و سەرجەم ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دێنە ئەژمار.

پێشتریش عوسمان ئەحمەدی نوێنەری شاری مەهاباد لە مەجلیسی ئێران باسی لە مەسەلەی کۆڵبەران کردبوو و لەمەڕ کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەران ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیبوو.

نوێنەری شاری مەهاباد ئاماژەی بەوەشدابوو، کە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان لە رووی ناچارییەوە دەستیان داوەتە پێشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەری و تەنیا بۆ بە دەست هێنانی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان گیانی خۆیان دەخە مەترسییەوە کە زۆر جار بەروەڕووی مەرگ دەبنەوە.