رەزامەندی ناوەندە ئەمنییەكان بۆ چارەسەریی پزیشكی زیندانییەكی سیاسیی كورد

16:06 - 2 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: دوای فشارێكی زۆری ناوەندە مافی مرۆڤییەكان، لێپرسراوانی زیندانی ورمێ‌و ناوەندە ئەمنییەكان رێگەیان بە چارەسەریی پزیشكی بە كەیوان داودی زیندانی سیاسیی كورد دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا و پشت بەستن بە سەرچاوەیەک لەناو خۆی زیندانی ورمێەوە، دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١ی گەلاوێژ كەیوان داودی زیندانی سیاسیی كورد كە مەترسیی بڕینەوەی لاقی لێدەكرا، بە مەبەستی نەشتەرگەری لەزیندانەوە رەوانەی نەخۆشخانەیەكی شاری ورمێ‌كراوە.

كەیوان داودی زیندایییەكی سیاسیی خەڵكی شاری مەهاباد، كە لە زیندانی ورمێ لە دەستبەسەریدایە، تووشی عفوونەتی لاق بووەو لەلایەن دادستان، لێپرسراوانی زیندان و ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە بۆ چارەسەریی پزیشكی رێگریی لێدەكرا.

\"21139.jpg\"
كەیوان داودی زیندانی سیاسیی كورد بە مەبەستی نەشتەرگەری لەزیندانەوە رەوانەی نەخۆشخانەیەكی شاری ورمێ‌كرا
كەیوان ساڵی ١٣٨٧ بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كرا و بەر لەدەستبەسەركرانی بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە پلاتینی بۆ دانرابوو و دواتر بەهۆی ئەشكەنجە لەئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادا لاقی جارێكی دیكە تووشی شكان ببوویەوە و زەربە بە پلاتینەكانی گەیشتبوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە دواتر بە ١٠ ساڵ زیندان حوكم درا و لەكاتی دەستبەسەر كرانیەوە هەتا ئێستا بەدەست ئازاری لاقەكانیەوە دەی‌ناڵاند و لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەكانەوە هیچ بایەخێكی پێ‌نەدەدرا.

ئەحمەد شەهید رێپورتێری تایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤی ئێران لە راپۆرتێكدا نووسیبووی، زیندانیان لەئێران لەلایەن بەرپرسانەوە لە خزمەتگوزاری پزیشكی بێبەری كراون.

لەزیندانەكانی ئێران بنكەیەك بە ناوی \"بێهداری\" ناو زیندان بوونی هەیە كە زیندانیان بە مەبەستی چارەسەریی سەردانی ئەو بێهدارییە دەكەن، بەڵام بە وتەی زیندانیان ئەو بێهداریانە تەنیا چارەسەریی هێندی نەخۆشی زۆر ساكار و سەرەتایان پێدەكرێ‌و كادرە دەرمانیەكانی ئەو بێهداریانە پسپۆری تەواویان نیە و ناتوانن نەخۆشییە درێژ خایەنەكان چارەسەر بكەن.

پێشتر ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە چەندین راپۆرتدا باسی لە دۆخی نالەباری جەستەیی كەیوان داودی كردبوو و هەروەها پرژابوویە سەر وردەكارییەكانی نەخۆشییەكی و رێگری كردنی چارەسەری لەلایەن ناوەندە قەزایی ـ ئەمنیەتییەكانەوە.