رەزا شەریفی بۆکانی، لە تاران دادگەیی کرا

19:39 - 29 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: لقی ٢٨ دادگەی ئینقلابی تاران، چالاکێکی مافی مرۆڤی کوردی خەڵکی شاری بۆکانی دادگەیی کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی رێبەندان، رەزا شەریفی بۆکانی، چالاکی مافی مرۆڤی کورد لەلایەن لقی ٢٨ی دادگەی ئینقلابی تارانەوە دادگەیی کراو سێ بەڵێننامەی نووسراوەی لێ وەرگیرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ دادگەی ئینقلاب بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست سێ بەڵێننامەی نووسراوەی لە رەزا شەریفی بۆکانی ئەستاندووەو بە فەرمی پێی راگەیەندراوە کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی لەسەر چالاکییەکانی، ١ ساڵ حوکمی زیندانیی تەعزیری بەسەردا دەسەپێندرێت.

\"24848.jpg\"
دادگایی کرانی رەزا شەریفی بوکانی چالاکی مافی مرۆڤ لە دادگای ئینقلابی تاران
ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە، دادگەی ئینقلابی تاران کۆمەڵێک تۆمەتی، وەکوو پەیوەندی لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات، پێکهێنان و بەشداری لە کۆبوونەوەی نایاسایی داوەتە پاڵ رەزا شەریفی بۆکانی.

رەزا شەریفی بۆکانی، کە بە ئامادەبوونی پارێزەرەکەی و دادستانی تاران دادگەیی کراوە، سەرجەم تۆمەتەکانی رەت کردۆتەوە.

پێشتریش لە رێکەوتی ٩ی بەفرانباری ئەمساڵدا، رەزا شەریفی بۆکانی و سەحەر سەعادەتی دووچالاکی مافی مرۆڤ و مەدەنیی کوردی خەلكی شرای بۆکان، لەلایەن لقی ٣ی \"بازپرسی\"ی تارانەوە بۆ ماوەی چوار کاتژمیر لێکۆلینەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرابوو.

ئەو دو وچالاکە کوردە، لەرێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ئەمساڵیشدا بەهۆی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی رۆژی خوێندکاردا، بانگهێشتی لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران کرابوون.