رەزا شەریفی بۆکانی بۆ زیندانی رەجایی شار گەڕێندرایەوە

15:29 - 9 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد، پاش ١ مانگ ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی نەشیاو لەلایەن مەئموورانی زیندان \"ئێڤین\"ی تاران، بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج گەڕێندرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی \"رەجایی شاری کەرەج\"ـەوە، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٨ی رەشەممە رەزا شەریفی بۆکانی لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی \"ئێڤین\"ـەوە بۆ بەندی ٤ی ساڵۆنی ١٢ی زیندانی رەجایی شاری کەرەج گوازرایەوە.

ئەو زیندانییە کوردە رێکەوتی ٨ی رێبەندان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە زیندانی \"رەجایی شاری کەرەج\"ـەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین راگوێزرابوو کە لەو ماوەیەدا ١٤ رۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە رەزا شەریفی بۆکانی چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بە توندی ئەشکەنجە درابوو و هەروەها پەروەندەیەکی دیکەشی بۆ دروست کراوە.

ناوبراو لەو پەروەندە نوێیەدا بە پەیوەندی لەگەڵ مێدیاکانی دەرەوەی وڵات و شێواندنی بیروڕای گشتی تاوانبار کراوە.

رەزا شەریفی بۆکانی بەهۆی وتووێژ لەگەڵ مێدیاکانی دەرەوەی وڵاتی ئێران و بەتایبەتی لەگەڵ ئەحمەد شەهید لە یەکێک لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکانی دەنگی ئامریکا، ماوەی چەندین مانگە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەژێر زەخت و گوشار دایە.

رەزا شەریفی بۆکانی ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و دواتر لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە تاوانی \"هەوڵدان لەدژی تەناهیی نەتەوەیی\" ماوەی ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیریی بۆ بڕییەوە.