رێگەی نێوان بیجار - هەمەدان هەتا ئێستا قیرتاو نەکراوە

19:14 - 9 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: رێگەی سەرەکیی نێوان بیجار بۆ هەمەدان بە هۆی نەبوونی بودجە و کەمتەرخەمیی بەرپرسان هەتا ئێستا قیرتاو نەکراوە.

هەواڵدەریی \"ئیسنا\" لە زاری \" ئەسەدوڵڵا بیدوند\" بەرپرسی ئیدارەی رێگا و بان و شارسازیی بیجاڕەوە بڵاوی کردەوە، هەتا ئێستا کەمتر رێگایەک لە نێوان شارەکانی ئێران دا بوونی هەیە کە قیر تاو نەکرابێت، بەڵام هەتا ئێستا رێگای نێوان بیجار بۆ هەمەدان ئاوڕی پێویستی لێ نەدراوەتەوە و قیرتاو نەکراوە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش دا، لە شاری بیجار ٢٧٨ کیلۆمیتر رێگا بوونی هەیە و لە کۆی ئەو رێژەیە ١١٧ کیلۆمیتر رێگای سەرەکی و ١٤١ کیلۆمیتر رێگای لاوەکین و ٢٥ کیلۆمیتر رێگەی خاکی بوونی هەیە

بەرپرسی ئیدارەی رێگەوبانی بیجار راشیگەیاند: شاری بیجار سەرجەم ٢٥٨ گوندی هەیە و بە مەودای ١٠٠٤ کیلۆمیتر رێگە کێشراوە و لە کۆی ئەو رێژەیە تەنیا ٢٥٧ کیلۆمیتر لە رێگەکان قیرتاو کراون.

ئەسەدوڵڵا بیدوند لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو کە ٢٤%ی رێگەی گوندەکانی شاری بیجار و بەگشتی ٣٧% رێگەی گوندەکانی پارێزگای کوردستان قیرتاو کراون، ئەوەش لە کاتێک دایە زیاتر لە نیوەی رێگەی گوندەکانی وڵاتی ئێران قیرتاو کراون.

ئەو بەرپرسە ئاشکرای کرد، شاری بیجار یەکێک لە شارە بچووکەکانی پارێزگای کوردستانە و بودجەی هەر شارێک بە پێی رووبەر و حەشیمەتەکەی دیاری دەکرێت، بۆیە بەردەام ئەو شارە لەگەڵ کەمیی بودجە بەرەوروو دەبێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە باسی لەوەش کرد، کە ئیدارەی رێگەوبان و شارسازی لەگەڵ کەمیی ئیمکاناتی رێگەوبان سازی بەرەوڕوو بۆتەوە و زۆربەی کەرەسەکانی لەکار کەوتوون بە شێوەیەک ماشینی \"بۆڵدزێر و لۆدێر\"ی ئەو ئیدارەیە زیاتر لە ٢٥ ساڵە کار دەکەن و بەو هۆیەوە هەتا ئێستا نەتوانراوە هیچ کام لە رێگەکانی ئەو شارە نۆژەن بکرێنەوە.