رێگری کردن لە مەولەوی عەبدولحەمید بۆ پێشنوێژی کردن لە تاران و هەوڵی دووبەرەکی نانەوەی نێوان شیعە و سونی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە

15:55 - 20 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: لە کاتێکدا بڕیاربوو نوێژی هەینیی تاران، بە بەشداریی مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی سوننی مەزهەبی مزگەوتی زاهیدان، ، بەرێوەبچێت، لەلایەن هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکانەوە پەکی کەوت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، هاوکات لەگەڵ کۆتایی هاتنی \"کۆنفڕانسی یەکەیەتیی ئیسلامی\"، مەئموورانی ئینتزامی و ئەمنیەتی، رێگەیان لە مەولەوی عەبدولحمید گرت، کە پێشنوێژیی نوێژی هەینی لە مزگەوتی سوننی مەزهەبەکانی مەنتەقەی پوونەکی تارا بکات.

ماڵپەڕی \"کەلیمە\" بڵاوی کردۆتەوە، نوێژخوێنە سوننی مەزهەبەکان لە کاتێکدا هاورێ لەگەڵ مەولەی عەبدولحەمید، بۆ بەشداری لە نوێژی هەینیدا روویان لە \"نمازخانە\"ی سوننی مەزهەبەکان لە مەنتەقەی پوونەکی تاران کردبوو، لەلایەن هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکانەوە رێگرییان لێکرا.

رێگری کردنی هێزە ئەمنییەکان لە بەڕێوەچوونی نوێژی هەینیی سوننی مەزهەبەکانی تاران لە کاتێکدایە، کە کۆنفڕانسی یەکیەتیی ئیسلامی لە پایتەختی ئێران بەڕێوەچووە.

لەو وێنانەدا کە ماڵپەرە ناوخۆییەکان لە مەولەی عەبدولحمیدیان بڵاو کردۆتەوە، مەولەوی عەبدوڵحمید بە دستنووسراوەیەکەوە لەو وێنەیەدا دەرکەوتووەو کە تیایدا نووسراوە \"یەکیەتی یانی رێزدانان بۆ خەڵک، قەبووڵ کردنی رای جیاواز، هاودڵی، هاوپەیوەندی و هاودەردی لەگەڵ یەکتر\".

کۆنفڕانسی یەکیەتیی ئیسلامی لە کاتێکدا لە شاری مەشهەد بەڕێوەچووە، کە بەپێی ئەو وێنانەی ماڵپەڕی بناژۆخوازی \"رسا\" بڵاوی کردۆتەوە، کە شیعە و سوونییەکانی بەشدار لەو کۆنفڕانسەی شاری مەشهەد، بە شێوەی جیا جیا نویژیان کردووە.

\"24132.jpg\"
چاوەدێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان سووکایەتی کردنی ناوەندە حکوومەتییەکان بە ئەهلی سوننەت بە مەبەستی هەڵگیرساندنی شەری مەزهەبی لە ئێران ئەنجام ئەدرێت
ماڵپەڕی \"رسا\" پاش چەند کاتژمێر لە بڵاوکردنەوەی وێنەی نوێژ خویندنی جیا جیای شیعەو سوننی مەزهەبەکان لە کۆنفڕانسی یەکیەتیی ئیسامیدا، بەهۆی رەخنەی بناژۆخوازەکان، وێنەکانیلەسەر ماڵپەڕەکە سڕيیەوە.

هاوکات هەواڵدەریی سەحام نیوز، لە هەواڵێکدا بڵاوی کردۆتەوە، کە ژمارەیەک هاووڵاتیی شاری قوم بە هاتنە سەر شەقام، \"سووکایەتییان بە پیرۆزیی سوننی مەزهەبەکان کردووە\" و ناوەندە ئەمنییەکانیش هیچ دژکردەوەیەکیان نەنواندووە.

چاوەدێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە دروست کردنی کێشە لە نێوان هاووڵاتییانی سونی مەزهەب و شیعە مەزهەبدا، لە هەوڵی هەڵگیرساندنی شەڕی مەزهەبیدایەو ئەو کارەش بۆ بەلارێدا بردنی داخوازیی نەتەوە جیاجیاکان لە وڵاتی ئێران ئەنجام ئەدات.

\"24129.jpg\"

\"24130.jpg\"