رێکخراوی ژینگەپارێزی باسی لە \"نەهێشتنی تەواوەتیی پارازیت\" لە ئێران کرد

18:30 - 10 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لێپرسراوێکی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران شەپۆلەکانی پارازیتی بە هۆکاری تووشبوونی ئینسانەکان بە جەڵتە لە قەڵەم دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، جێگری بەرپرسی رێکخراوی ژینگەپارێزیی ئێران بە ئاماژە کردن بە \"کاریگەرییەکانی پارازیت لەسەر تەندروستیی ئینسان\"، باسی لە پێکهاتنی کۆمیتەیەکی تایبەت بۆ پێراگەیشتن بەو بارودۆخەی ئێستا کردووە.

سەعید موتەسەدی لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیرنا، رایگەیاندبوو، رێکخراوی ژینگەپارێزی پێشنیاری لابردن و نەهێشتنی پاڕازیتەکانی کردووە، بەڵام ئەم باسە لەم ناوەندەدا و لە کۆمیتەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزارەتی \"ارتباطات\" تاوتوێ کراوە.

ئەم لێپرسراوە دەوڵەتییە، رێکاری سەرەکیی بۆ نەهێشتنی پارازیتی بۆ \"دۆخی وڵات\" گەڕاندۆتەوە.

پێشتریش مەعسوومە ئیبتیکار، بەرپرسی رێکخراوی ژینگەپاریزیی ئێران، وێڕای پێداگری کردن لەسەر \"مەترسیدار بوونی\" پارازیتەکان، نەبوونی چاوەدێری لەلایەن دەوڵەتەوە بەسەر دەزگاکانی ناردنی پارازیتدا، نیگەرانیی خۆیشی دەربڕیبوو.

دەزگای پارازیت بۆ پێشگیری کردن لە هاووڵاتییان بۆ دیتنی بەرنامە ماهوارەییەکان، بەتایبەت تەلەفزیۆنە فارسی زمانەکانی دەرەوەی وڵات، لە شار و ئوستانەکانی ئێران دادەندرێت.

وتەکانی جێگری بەرپرسی رێکخراوی ژینگەپارێزیی ئێران لەسەر هێرشی فەرهەنگی لە کاتێکدایە، کە ماوەیەک پێش ئێستا فەرماندەرێکی پلە بەرزی سوپای پاسداران ژمارەی ماهوارەکانی وڵاتی ئێرانی ٥٠ ملوێن دانە ئەژمار کردبوو.

حکوموەتی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی دروست کردنی کێشە بۆ وەشانی کەناڵە رادیۆیی و ماهوارەییەکان دەزگای پارازیتی دامەزراندووە، کە ئەم کارە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەلایەن سوپای پاسداران و ناوەندە تایبەتییەکانەوە پەرەی پێدراوە.

لە ماوەی ساڵانی رابردووشدا، دەیان راپۆرت سەبارەت بە خراپیی شەپۆلەکانی پارازیت لەسەر تەندروستیی ئینسان بڵاو کرایەوە و تەنانەت چەندین ناوەندی حکوومەتیش نیگەرانیی خۆیان دەربریبوو.