٣٦ رێکخراوی ناحکوومی داوای درێژکردنەوەی ماوەی مەئمووریەتی ئەحمەد شەهید دەکەن

15:54 - 23 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: ٣٦ رێکخراوی ناحکوومیی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بە بڵاو کردنەوەی نامەیەک، داوایان لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کە دەنگی (بەڵێ) بە درێژکردنەوەی ماوەی مەئمووریەتی ئەحمەد شەهید بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێراندا بدەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاوکات لەگەڵ ٢٨مین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤ، ٣٦ رێکخراوی ناحکوومەیی مافی مرۆڤ، داوایان لە وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، دەنگ بە درێژ کردنەوەی ماوەی مەئموورییەتی ئەحمەد شەهید بدەن.

لەو نامەیەدا رێکخراوەکانی واژۆکار خوازیاری سەرنجی زیاتری شۆرای نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ بە پێشینەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە بیاڤی مافی مرۆڤ و هەروەها گرینگیدان بە چالاکییەکانی ئەحمەد شەهید لەسەر پرسی پێشیلکاریی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیدا بوون.

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ئەمنستی ئینترناشناڵ، چاوەدێریی مافی مرۆڤ و شیرین عیبادی، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژنێڤ، کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێران، کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافی مرۆڤ، ژمارەیەک لەو رێکخراوانەن کە ئەو نامەیان لە راستای درێژ کردنەویە ماوەی مەئمووریەتی راپۆرتیری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، واژۆ کردووە.

\"25396.jpg\"
٣٦ رێکخراوی ناحکوومیی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ داوایان لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە ئەحمەد شەهید بۆ چاوەدێری مافی مرۆڤ لە ئیران دەست نیشان بکرێتەوە
ئەحمەد شەهید رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢١ی رەشەمە لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاوی کردەوە کە \"حکوومەتی ئیسلامی ئێران ئازادییەکان پێشێل دەکات و رۆژنامەنووسانیش دەخاتە زیندانەوە\".

راپۆرتیری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو راپۆرتەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ساڵی رابردوودا ٧٥٣ کەس لەسێدارە دراون کە نیوەی ئەو کەسانە بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان حوکمی لەسێدارە دانەکەیان بەڕێوەچووە.

بە گوتەی ئەعمەد شەهید، لەسێدارەدانی ئەو ژمارەیە لە هاووڵاتییانی ئێرانی، لە سالی ٢٠٠٢ی زایینی‌یەو ەهەتا ئێستا لەو وڵاتەدا بێ وێنە بووە.

ئەحمەد شەهید باسی لەوەش کردووە لە ساڵی ٢٠١٤دا، ٢٩ رۆژنامەنووس و وێبلاگنووس دەستبەسەر کراون، کە زۆربەی ئەو کەسانە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ میدیاکانی دەرەوە، رەخنەگرتن لە رێبەرانی حکوومەتی ئیسلامی و باس کردن لە پرسە سیاسییە هەستیارەکاندا دەستبەسەر کراون.