رۆژنامەی \"دی پرێس\"ی ئوتریشی باس لە سات و سەودای وڵاتەکەی لەگەڵ حکوومەتی ئێران لەسەر تیرۆری دوکتور قاسملوو دەکات

14:44 - 1 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: رۆژنامەیەکی ئۆتریشی لە ژمارەی رۆژی یەکشەممەیدا، هەواڵێکی لەسەر سات و سەودای ئابووریی ئوتریش لەسەر تیرۆری دوکتور قاسملوو، کتێبی بیرەوەرییەکانی نەسرین قاسملوو، هاوسەری دوکتور عەبدولرەحمان قاسملوو بڵاو کردۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژنامەی \"دی پرێس\"ی چاپی ئۆتریش وێڕای باس کردن چۆنیەتیی تیرۆری دوکتور قاسملوو، سکرتیری پێشووی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئیران، سەردەمی تیرۆر کرانی عەبدولڕەحمان قاسملوو بە لاپەڕەیەکی رەش لە مێژووی وڵاتی ئوتریشدا لە قەڵەم ئەدات.

\"24299.jpg\"
رۆژنامەی دی پرێس: دەوڵەتی ئوتریش لە سالی(١٩٨٩ی زایینی) ١٣٦٨ی هەتاویدا، لە ترسی تیرۆری هاووڵاتییانی وڵاتەکی بەدەستی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر رژیمی ئێراندا بێدەنگیی نواند
ئەو رۆژنامەیە لە درێژەدا نووسیوەتی؛ لە کاتێکدا تیرۆریستەکان بە زووترین کات دەستبەسەر کران، بەڵام بەهۆی بەرژەوندیی ئابووری و سیاسییەوە بکوژەکان زوو ئازاد کران و رەوانەی حکوومەتی ئێران کرانەوە.

رۆژنامەکە لە درێژەدا نووسیویەتی: ئەو چاوپێکەتنەی دوکتور قاسملوودا لەگەڵ سێ نوێنەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کە وەکوو وتوێژی ئاشتی بەرنامەی بۆ داندرابوو، لە راستیدا داوێک بوو، کە رێبەری کوردەکانی تێدا تیرۆر کرا.

رۆژنامەی دی پرێس کە رۆژنامەیەکی ئەهلی لە وڵاتی ئۆتریشە، نووسیویەتی؛ دەوڵەتی ئوتریش لە سالی(١٩٨٩ی زایینی) ١٣٦٨ی هەتایدا، لە ترسی تیرۆری هاووڵاتییانی وڵاتەکی بەدەستی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر رژیمی ئێراندا بێدەنگیی نواند.

ساڵی ( ١٩٩٤ی زایینی) ١٣٧٣ی هەتاویش ناوەندی فەرهەنگیی یەهوودییەکانی ئارژانتین لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تەقێندرایەوە، کە تیایدا ٨٠ کەس گیانیان لەدەست داو لە کاتێکدا (ئالبرتۆ نیسمان) لە سالی ٢٠٠٤ی زایینییەوەو کە پارێزەریی دۆسیەی ئەو کردەوە تیرۆریستییەی بە ئەستۆ گرتبوو، لەلایەن حکوومەتی ئارژانتین و سەرکۆماری ئەو وڵاتەوە بەهۆی بەرژەونەیی ئابوورییەوە بەرەوڕووی فشار ببوویەوەو سەرئەنجام چەند کاتژمێرێک بەر لەوەی لە کۆنگرەی ئارژانتیندا بەدژی سەرکۆماری ئارژانتین لەمەڕ ئاستەنگ دروستکردنەکەی شایەتی بدات، بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا.

\"24293.jpg\"
٢٢ی پووشپەڕی سالی ١٣٦٨ی هەتاوی، لە کاتیکدا دوکتور عەبدولرەحمان قاسملوو، هاوڕێ لەگەڵ عەبدوڵلا قادری ئازەر و فازڵ رەسووڵ، لەلایەن نیردراوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ چارەسەریی پرسی کورد لەو وڵاتە لە ڤییەنی پایتەختی وڵاتی ئۆتریش تیرۆر کران
هەتا ئێستا چۆنیەتیی کوژران و بکوژەکانی ئەو پارێزەرە ئارژانتینییە ئاشکرا نەکراون، بەڵام چاوەدێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە دەستی حکومەتی ئیسلامیی ئێران لە پشتی تیرۆری ئەو پاریزەرەوە بێت.

ئەو رۆژنامە ئۆتریشییە، پێشتریش چەندین راپۆرتی لەسەر تیرۆری دوکتور قاسملوو لە ڤییەن بڵاو کردبوویەوەو تێیدا باسی لەوە کردبوو، کە لێپرسراوانی ئۆتریش بەهۆی فشاری دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بکوژەکانیان رەوانەی ئێران کردبوویەوە.

٢٢ی پووشپەڕی سالی ١٣٦٨ی هەتاوی، لە کاتیکدا دوکتور عەبدولرەحمان قاسملوو، هاوڕێ لەگەڵ عەبدوڵلا قادری ئازەر و فازڵ رەسووڵ، لەلایەن نیردراوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ چارەسەریی پرسی کورد لەو وڵاتە لە ڤییەنی پایتەختی وڵاتی ئۆتریش تیرۆر کران.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دوابەدوای ئەو تیرۆرە، هەرەشەی لە وڵاتی ئۆتریش کرد، کە ئەگەر نێردراوانی خۆی بۆ ئەو تیرۆرە ئازاد نەکرێن، گیانی سەرجەم هاووڵاتییانی ئۆتریشی دەکەوێتە مەترسییەوە.

ئارام. ح