رۆمانی کەلیدەر وەک دووەمین رۆمانی درێـــژی جیهان ناسرا

15:05 - 22 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: رۆمانی بەناوبانگی کەلیدەر بەرهەمی \"مەحموود دەولەت ئابادی\" پاش رۆمانی \"گەڕان بەشوێن کاتی لەدەست چوو\" بەرهەمی \"مارسل پروست\" وەک دووەمین رۆمانی درژی جیهان ناسێندرا.

ماڵپەڕی \"ویکی پیدیا\"بڵاوی کردەوە، بە لەبەر چاو گرتنی ژمارەی پیت، ژمارەی وشە و هەروەها ژمارەی لاپەڕەکان کە هەر لاپەڕەیەک ٢٥٠ وشەی فۆنتی ١٢ لە خۆ بگرێت، رۆمانی کەلیدەر بەم تایبەتمەندییانەوە وەک یەکێک لە درێژترین رۆمانەکانی جیهان ناسێدرا.

بەپێی ئەو راپۆرتە، پەرتووکی \"ارباب حلقەها\" کە چیرۆکێکی تایبەتییە و هەروەها بەرهەمەکانی \"هێری پاتێر\" کە کۆمەڵە چیرۆکە، لە پلەبەندیی بۆ درێژترین رۆمانی جیهان وەلا نراون.

لەو پلەبەندیەدا رۆمانی \"گەڕان بەشوێن کاتی لەدەست چوو\" بە ٧ بەرگ و ٤٢١١ لاپەڕەدا کە بە زمانی فەڕانسەیی چاپ و بڵاوبۆتەوە بە ١ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار وشەوە لە پلەی یەکەمدا جێگە دەگرێت.

رۆمانی \"کەلیدەر\" بەرهەمی بەناوبانگی \"مەحموود دەولەت ئابادی\" کە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە ١٠ بەرگ و ٢٨٣٦ لاپەڕەدا لەلایەن \"دەزگای چاپ و بڵاو کردنەوەی \"فەرهەنگی هاوچەرج\" بە زمانی فارسی چاپ و بڵاو کرایەوە، بە ٩٥٠ هەزار وشە لە پلەی دووەمدا جێگەی دەگرێت.

کەلیدەر رۆمانێکە باس لە قارەمانیەتی کەسی یەکەمی ئەو رمانە بەناوی \"گوڵ محەمەد\" دەکات کە مەحموود دەوڵەت ئابادی ماوەی ١٥ ساڵ لە تەمەنی خۆی سەرقاڵی نووسینی ئەو رۆمانە کردووە.

رێبەندانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی رۆمانی ١٠ بەرگیی \"کەلیدەر\" شاکاری بەناوبانگی مەحموود دەوڵەت ئابادی، لەلایەن وەرگێڕێکی کوردەوە بەناوی \"سیامەند شاسواری\" لە زمانی فارسییەوە وەرگێردرایە سەر زمانی کوردی.