راگوێزرانی رۆژنامەنووسێكی دەستبەسەركراوی كورد لە مەهابادەوە بۆ ورمێ‌

14:42 - 10 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی كوردپا: رۆژنامەنووسێكی كوردی خەڵكی سەردەشت كە یەك مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانانی شاری مەهاباد دەستبەسەر كرابوو، بۆ ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی شاری ورمێ‌گوازراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كاوان محەممەدپوور تەمەن ٢٨ ساڵ، سەرنووسەری دوو حەفتەنامەی كۆمەڵگەی كوردستان رێكەوتی ٦ی رەشەممەی ساڵی٩٣ بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد و دەستبەسەركرابوو و لەو كاتەوە هەتا ئێستا چارەنووسی دۆسیەكەی ناڕوونە.

ئەو رۆژنامەنووسە كوردە لەماوەی دەستبەسەرییەكەیدا، لەپێوەندیەكی تەلەفوونیدا بە بنەماڵەكەی راگەیاندووە كە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ‌راگوێزراوە.
بەوتەی كەسانی ئاگادار و چالاكانی مافی مرۆڤ، هێزە ئیتلاعاتییەكان دوای دەستبەسەركردنی كاوان، دەستیان بەسەر كەلوپەلی شەخسی و كامپیۆتێری ناوبراودا گراووە.

\"25742.jpg\"
كاوان محەممەدپوور تەمەن ٢٨ ساڵ، سەرنووسەری دوو حەفتەنامەی كۆمەڵگەی كوردستان رێكەوتی ٦ی رەشەممەی ساڵی٩٣، دەستبەسەر کرا
هەروەها ئەو خوێندەكارەی رشتەی كۆمەڵناسی لەزانكۆی پەیام نووری مەهاباد، هاوكاری رۆژنامەی \" شەرق\" و \" ئیبتكار\" و سەرنووسەری بەشی ئەدەبی گۆڤاری ٧ی تیر لە سەردەشت بووە.

كاوان محەمەدپوور، بێجگە لە كاری رۆژنامەنووسی، چالاكی زانستی و توێژینەوەیەشی ئەنجام داوە و بابەت و نووسراوەكانی لەبواری فەلسەفە و هونەر و ئەدەبیات لە كتێبی \" ماە علوم اجتماعی\"، وەرزنامەی زرێبار و توێژینەوەی هونەری ئیسفەهان، گۆڤاری مەهاباد و حەفتەنامەی سیراون چاپ و بڵاو كراوەتەوە.
هەتا ئێستا هیچ زانیاریەیك لە هۆكاری دەستبەسەركردنی ئەو رۆژنامەنووسە كوردە بڵاو نەكراوەتەوە.

بەپێی ئاماری رێكخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور كە رێبەندانی ساڵی ٩٣ بڵاو كرایەوە، ئێران بە ٥٠ چالاكی میدیایی دەستبەسەركراو، بە یەكێك لە پێنج زیندانی جیهان بۆ رۆژنامەنووسان دێتە ئەژمار.