راگوێزرانی خالید حەردانی بۆ ژووری تاکە کەسیی زیندان

20:03 - 10 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: خالید حەردانی زیندانیی عەرەبی خەڵکی ئەهواز لەلایەن مەئموورانی زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بۆ ژووری تاکە کەسیی ئەو زیندانە گوازرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، خالید حەردانی زیندانیی سیاسیی عەرەب و خەڵکی ئەهواز، رۆژی دووشەممەی رابردوو بە هۆکارێکی ناڕوون بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندان راگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند کە هەتا ئێستا خالید حەردانی بۆ بەندی زیندان نەگەڕاوەتەوە و چارەنووسی ناڕوونە.

هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئێران هەتا ئێستا چەندین جار بەبیانووی جۆراوجۆر پەروەندە سازییان بۆ خالید حەردانی کردووە و دوایین جار بە تۆمەتی \"بێ‌رێـزی کردن بە رێبەری نیزام\" لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی شاری کەرەج دادگایی کرا.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد رۆژی یەکشەممەی رابردوو، دوو زیندانیی کوردی سوننی مەزهەب بەناوەکانی \"موختار رەحیمی و کاوە وەیسی\" بۆ شوێنیکی نادیار راگوێزراون و لەو کاتەوە هیچکەس ئاگاداری چارەنووسیان نییە.

ئەو دوو زیندانییە مەزهەبییە ساڵی ١٣٨٨ دەستبەسەر کران و دواتر لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی شاری تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادەور موقەیسە، حوکمی سێدارەیان بۆ بڕایەوە.