راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید بۆ شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڵاو کرایەوە

15:12 - 15 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لەئێران بە پشت بەستن بە \"پێشنیارەکانی دەوڵەت و مەجلیس\"ی ئیسلامی، بارودۆخی مافی مرۆڤی \"نالەبارتر\" وەسف کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتەمین راپۆرتی ئەحمەد شەهید سەبارەت بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، لە شەست و نۆیەمین دانیشتنی کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاو کرایەوە.

لەو راپۆرتەدا هاتووە، کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران نەتەنیا باشتر نەبووە، بەڵکوو بەهۆی پەسندکراوەکانی دەوڵەتی تەدبیر و ئومید و مەجلیسی ئیسلامی بەرەو خراپتر بوونی رۆییشتووە.

ئاماژەکانی ئەحمەد شەهید بۆ پەسندکراوەکانی دەوڵەت، پێداچوونەوە بە یاسای سزادانی ئیسلامی، بەشیک لە بڕیارنامەی مافی هاووڵاتی بوون و کۆنڤانسیۆنی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بووە.

ئەو راپۆرتەی کە پێشتر لە میدیاکانەوە بڵاو کرایەوە، بە پشت بەستن بە بەڵگەی باوەڕپێکراو و دیمانە و چاوپێکەوتن لەگەڵ ١١٨ کەس لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ئامادەکرابوو.

لە بەشێک لە ئەو راپۆرتەدا ئاماژە بە ٨٥٢ کەس لە مانگی ژوئیەی سالی ٢٠١٣ی زایینیەوە هەتا ژوئەنی ٢٠١٤، لەسێدارەدانی ٨ لاوی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ لە ئەمساڵدا و ئەگەری لەسێدارەدانی ٤ چالاکی مەزهەبیی کورد، کرابوو.

سەبارەت بە کەمینە نەتەوەییەکان لە ئێران، بانگهێشتی ٥٨ چالاکی مافی مرۆڤی کورد بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، لە گەلاوێژی ساڵی ٩٢ی هەتاوییەوە هەتا مانگی بانەمەڕی ساڵی ٩٣، لە راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهیددا گونجێندرابوو.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، خوێندن بە زمانی زگماکی و جێبەجێ کرانی ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامی، بە پێچەوانەی بەڵێنییەکانی حەسەن رۆحانی، هیچ هەوڵێک نەدراوە.

هەروەهاراپۆرتەکە گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە بەڕێوەبردنی حوکمی لەسێدارەدان، بەردەوامیی دەستبەسەر کردن و دادگایی کردنی سەرەڕۆیانە، پێشێلکاریی پەیماننامە نیونەتەوەییەکان لەلایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە، رووی لە زیادبوون کردووە.

بۆ خوێندنەوەی دەقی فارسیی راپۆرتی ئەحمەد شەهید، لێرە کرتە بکە.