راپۆرتێک لەسەر دۆخی زیندانییانی رەجایی شاری کەرەج

21:32 - 22 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: زیندانییانی رەجایی شاری کەرەج بەهۆی دۆخی خراپی نێو زیندان و نەبوونی خواردەمەنی شیاو، تووشی نەخۆشی و گرفتی جەستەیی بوونەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زۆربەی زیندانییانی بەندی ٤ی ساڵۆنی ١٢ی رەجایی شاری کەرەج بەهۆی نەبوونی خواردنی شیاو، نەبوونی میوە و سەوزی، خواردنی برنجی خراپ، لابردنی ژەمە خواردنی گۆشت، لە بارودۆخێکی ناسەقامگیری جەستەییدا بەسەر دەبەن.

سەرچاوەیەکی باوەڕ پێ کراو کە زیندانی \"رەجایی شاری کەرەج\"ـەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: بەهۆی دامەزراندنی سیستمی ناردنی شەپۆلەکانی پارازیت بە مەبەستی رێگری لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان لەسەر دیوارەکانی ئەو زیندانە، زۆربەی زیندانییان تووشی نەخۆشی بوون.

زیندانییان لەسەر ئەو باوەڕەن کە شەپۆلەکانی پاڕازیت هۆکاری سەرەکیی دابەزینی ڤیتامین لە جەستەی ئەو زیندانییانە دایە و هاوکات پزیشکانی نێو زیندان کاریگەریی نەرێنیی ئەو شەپۆلانەیان پژڕاست کردۆتەوە.

لەلایەکی دیکەوە پزیشکان بەڵێنیی ناردنی نامەیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە زیندانییان داوە بەڵام هەتا ئێستا ئەو بەڵینییە نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، کە ماوەی زیاتر لە ٨ ساڵە زیندانییانی رەجایی شاری کەرەج لە خواردنی میوە بێبەش کراون و هاوکات بارودۆخی هەنووکەیی ئەو زیندانییانە نیگەرانی لە بنەماڵەکەشیان پێک هێناوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەگەر زیندانییان ناڕەزایەتی لەمەڕ ئەو دۆخە لە خۆیان نیشان بدەن، بەرەوڕووی هەڕەشەی بەرپرسانی زیندان و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی دەبنەوە.