راپۆرتی ئەحمەد شەهید باس لەزیادبوونی ئاماری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە دەوڵەتی رۆحانیدا دەکات

15:07 - 5 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: ئەحمەد شەهید راپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا باسی لە زیاد بوونی پیشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران و بەتایبەت دوای هاتنەسەر کاری رۆحانی کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە نوێترین راپۆرتی ئەحمەد شەهید، کە بڕیارە لە ٦٩یەمین کۆبوونەوەی کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک پێشکەش بکرێت، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەمەڕ خراپ‌تر بوونی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دەربڕیوە.

دوکتور ئەحمەد شەهید لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتی هاتنە سەر کاری حەسەن رۆحانییەوە ٨٥٢ زیندانی لە وڵاتی ئێراندا و زۆربەیان بە تۆمەتی \"موحارب (شەڕ لەگەڵ خودا)\" لەسێدارە دراون، کە زۆربەی لە سێدارە دراوان هاووڵاتییانی سەربە نەتەوە جیاجیاکانی ئێران بوونە و زیاتر لە ٨ کەسیش لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە تەمەنی ژێر ١٨ ساڵدا لەسێدارە دراون.

راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید لە بەشێکی دیکەدا ئاماژەی بە خوێندن بە زمانی زگماکی و جێبەجێ کردنی بەندی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی وڵاتی ئێراندا کردووەو دەڵێت، بە پێچەوانەی بەڵێنییەکانی حەسەن رۆحانی هیچ هەنگاوێک لەو پەیوەندییەدا هەڵنەگیراوە.

هاوکات رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ حەسەن رۆحانی، داوای لە ناوبراو کردووە، کە بەڵێنییەکانی خۆی لەمەڕ مافی مرۆڤ لە ئێراندا جێبەجێ بکات و دەرفەتێکیش بخولقێنێ کە راپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، سەردانی وڵاتی ئێران بکات.

رێکخراوەکانی، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژنێڤ، لێبوردنی نێونەتەوەیی (ئمنیستی ئینترناشناڵ) و چاوەدێری مافی مرۆڤ (هیومن رایتس واچ) و ٢٣ رێکخراوی دیکەی مافی مرۆڤ لە نامەیەکدا داوایان لە حەسەن رۆحانی کردووە، کە ئیزنی سەردان بە ئەحمەد شەهید بۆ وڵاتی ئێران بدات.

لەو نامەیەدا کە لە ماڵپەڕی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییدا بڵاو کراوەتەوە، هاتووە؛ رێکخراوی لیبوردنی نیونەتەوەیی نیگەرانیی خۆی لە ژمارەی لەڕادەبەدەری دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان، لەسێدارەدانی زیندانیان، هەڵاواردنی دژبە ژنان و نەتەوە جیاجیاکانی ئێران، سانسۆر و کپ کردنی ئازادیی رادەربڕین، دەربڕیوە.

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی رایگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠٠٥ی زایینی‌یەوە ٧ جار بەفەرمی داوا لە حکوومەتی ئیسلامیی ئیران کراوە، ئیزن بە نوێنەرانی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات، کە سەردانی وڵاتی ئێران بکەن، بەڵام هەتا ئێستا ئیزنی سەردان بە هیچ نوێنەرێکی نەتەوە یەکگرتووەکان نەداروە کە سەردانی وڵاتی ئێران بکەن.

بەشێکی دیکەی راپۆرتی ئەحمەد شەهید، پرژاوەتە سەر بارودۆخی زیندانییە سیاسییەکان و ئەشکەنجەو لێدانی زیندانییە سیاسییەکانی وەک محەمەد سدیق کەبودوەند و سمکۆ خلقەتی لە زیندانی ئێڤین و ئەحمەد شەهید نیگەرانیی خۆی لەمەر ئەگەری لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسیی کورد و چالاکانی مەزهەبی دەربڕیوە.

هەنووکە زیاتر لە ٢٠ چالاکی سیاسیی کوردی وەک، ١- حەبیبوڵڵا لەتیفی ٢- هووشەنگ رەزایی ٣- عەلی ئەحمەد سولێمان ٤- محەمەد عەبدوڵڵاهی ٥ – حەبیب ئەفشاری ٦ – ئیبراهیم عیساپوور ٧ – عەلی ئەفشاری ٨ – سامان نەسیم ٩ – زانیار مورادی ١٠ لوقمان مورادی ١١- ئەنوەر رۆستەمی ١٢- عەبدوڵڵا سەروەریان ١٣- بێهرووز ئاڵخانی ١٤ – سامی حوسێنی ١٥ – جەماڵ محەمەدی ١٦ – بەختیار مێعماری ١٧ – جەماڵ معەمەدی ١٨ – رەزا مەلازادە ١٩- سابیر موخەلید ماوانە ٢٠- عەزیز محەمەدزادە ٢١- حوسێن تالعی ٢٢- حوسێن فروهیدە ٢٣- ئارمان پەرویزی ٢٤ – مورتەزا رەحمانی بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوموەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ براوەتەوە حوکمەکانیشیان لە دیوانی باڵای وڵاتی ئێران پشتڕاست کراوەتەوە.

لەدرێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، زیاتر لە ٣٥ رۆژنامەنووسی سەربە نەتەوە جیاجیاکانی ئێران لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدان و حوکمی زیندانیی درێژماوەیان بۆ براوەتەوە، کە برایانی کوردپوور و عەندنان حەسەن‌پوور لە ریزی ئەو رۆژنامەنووسە کوردە زیندانی کراوانەدان کە لە دەستبەسەرییدان.

ئەحمەد شەهید باسی لە نەبوونی ئازادیی رادەربرین و زیادبوونی ئاماری بێکاری، پیسبوونی ژینگە لە ئوستانەکانی، کرماشان، سنە و خووزستان و هەروەها دۆخی خراپی گۆلی ورمێ کردووە.

بەپێی دوایین وێنەی ئاسمانی کە لە گۆلی ورمێ بڵاو کرایەوە، لە سەدا ٩٥ی ئەو گۆلە وشکبووە.