راپۆرتی مانگانەی پێشێلکاریی مافی ژنان لە کوردستان و ئێران ( خەزەڵوەر )

20:10 - 3 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی یەک مانگی رابردوودا ٢٩ حاڵەت پیشێلکاریی مافی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکان و سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێران تۆمار کراوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ میدیای کردنەوەی هەرچی زیاتری پێشێلکاریی مافی ژنان لە ئێران، لە درێژەی بڵاو کردنەوەی راپۆرتی حەفتانەی بەرمووردا، هەموو مانگێک راپۆرتێک لەسەر پێشێلکاریی مافی ژنان لە کوردستان و ئێران بڵاو دەکاتەوە.

لەم راپۆرتەدا حاڵەتەکانی خۆکوژیی ژنانی کورد وەکوو پێشێلکاریی دەرهەق بە ژنان ئەژمار کراوە.

٥ حاڵەتی خۆکوژیی ژنانی کورد لە مانگی خەزەڵوەردا

لە ماوەی مانگی رابردوودا، لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ئێران، ٥ ژن و کچی کورد هەوڵی خۆکوژییان داوە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

\"17012.jpg\"
 رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٣٠ی رەزبەر کچە قوتابییەکی تەمەن ١٥ ساڵ بەناوی \"شەقایق محەممەدی\"، کچی عەتا، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

شەقایق محەممەدی کە قوتابیی پۆلی ١ی دواناوەندی بووە، ماوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە گوندی \"نەوەڕە\"ی شاری سنەوە چوونەتە شاری سنە و لەوێ نیشتەجێ بوونە.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژی هەینی ١٧ی خەزەڵوەر، ژنێک بەناوی \"فەرزانە ئیبراهیمی\" تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی گوندی \"ناو\" لە ناوچەی هەورامانی تەختی سەربە شاری سەوڵاوا کە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، پاش دوو رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا. 

ئەو ژنە لاوە دایکی دوو منداڵ بووە و بە هۆی ئەوەی کە لەلایەن چەند کەسێکەوە (بوختان)ی بۆ هەڵبەسترابوو، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو.

هەروەها، رۆژی دووشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر کچە خوێندکارێکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی \"رۆژین\" بە هۆکاریکی ناڕوون هەوڵی خۆ کوژی داو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ناوبڕاو لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

 رۆژی هەینی ٢٤ی خەزەڵوەر، ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵ بە ناوی نیشتمان قوربانی و دانیشتووی شاری بۆکان، لە ماڵەکەی خۆیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ناوبراو بە هۆی کێشە لە گەڵ هاوسەرەکەی دەستی داوەتە خۆکوژی.

نیشتمان قوربانی کە خاوەن منداڵێکیشە، لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی \"لیمۆ خەید\" کچی عوسمان خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ناوبراو ٥ مانگ پێش و بە پێچەوانەی ویستی خۆی، لەگەڵ کوڕێک ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو.

لیمۆ دانیشتووی گوندی \"قۆزلووجە\"ی سەربە شاری مەهاباد بووە.

٥ ژن لە مانگی خەزەڵوەردا لە سێدارە دراون

لە ماوەی مانگی رابردوودا، ٥ ژن لە زیندانەکانی کرماشان، ورمێ ، کەرەج و یەزد لە سێدارە دراون.

\"17010.jpg\"
سەر لە بەیانی رۆژی دووشەممە ٢٩ی رەزبەر، ژنێکی تەمەن ٢٦ ساڵە بە ناوی \"نەستەرەن سەفەری زیندانی دێزڵ‌ئابادی کرماشان لە سێدارە درا.

ناوبراو بە تاوانی قەتڵی ئەنقەست سزای تۆڵە(قصاص)ی بۆ بڕابووە.

هەروەها، رۆژی شەممە ٤ خەزەڵوە، ژنێکی دیکە بە ناوی \"حازێ دەروێش زادە\" خەڵکی گوندی \"کڵانکانی\" ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بە تاوانی بازرگانی بە ماددە سڕکەرەکانەوە لە زیندانی ورمێ لە سێدارە درا.

لە لایەکی دیکەوە،  رۆژی سێشەممە ٧ی خەزەڵوەر، ژنێک بە ناوی \"میترا شەهنەوازی\" لە زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج لە سێدراە درا.

میترا شەهنەوازی، بە تاوانی کوشتنی پۆلیسێک کە ویستبووی دەستدرێژی سێکسیی لێ بکات، بۆ ماوەی ١١ ساڵ لە زیندانی گەوهەر دەشت راگیرابوو کە دواتر لەسێدارە درا.

هەروەها رۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر، ٢ ژن بە ناوەکانی \"ئەلف . ئەلف \" و \" ر . ع \" بە تاوانی بازرگانیکردن بە ماددە سڕکەرەکانەوە لە زیندانی ناوەندیی یەزد لە سێدارە دران.

دەستبەسەر کرانی ٤ چالاکی ژنی کورد لە خەزەڵوەردا

لە ماوەی مانگی رابردوودا، ٤ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون کە هەموویان کورد بوون.

\"17013.jpg\"
لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی چالاکانی پەیڕەوی ئایینی یاری، کە رۆژی شەممە ٢٨ی رەزبەر و لە بەرانبەر مەجلیسی ئێران بەڕێوە چوو، ٢ ژنە چالاکی یارسانی بە ناوەکانی \"حومەیرا تاهیری\" و \"بەهارە نەدیمی\" لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و ئێوارەی هەمان رۆژ ئازاد کران.

ئەم کۆبوونەوە بە مەبەستی نارەزایەتی دەربڕین بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی دەزگا حکوومەتییەکان ئێران لەمەڕ داخوازی و ویستی هاووڵاتییانی یارسانی لە بەردەم مەجلیسی ئێراندا بەڕێوە چوو کە دەستبەسەر کرانی نزیک بە ١٠٠ چالاکی پەیڕەوی ئایینی یاری لێ کەوتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژی دووشممە ١٣ی خەزەڵوەر، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی عەلی دانش و کەژاڵ هوژەبری هاوسەری ناوبراویان دەستبەسەر کرد.

ناوبراو رۆژی پێنج‌شەممە ١٦ی خەزەڵوەر، گوازرایەوە بۆ ئیتلاعاتی شاری سنە و پاش ١٥ رۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

پێشتریش کەژاڵ هوژەبری لە مانگی رەشەممەی ساڵی ٩١ی هەتاویدا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و وێڕای لێپرسینەوە، داوایان لێكردوە بە زووترین كات لە عەلی دانش جیا بێتەوە.

عەلی دانش تەمەن ٣٨ ساڵ، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی \"بەردە رەشی\"ی شاری مەریوان لە کۆتاییەکانی مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا بە هۆی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە ناچاری رووی لە دەرەوەی وڵات کرد.

هەروەها، ، سەرلە بەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر کچە خوێندکارێکی کورد بەناوی \"ئەفسانە بایزیدی\" تەمەن ٢٨ ساڵ هاوڕێ لەگەڵ برایەکی خۆی بەناوی \"شاهۆ بایزیدی\" تەمەن ٢٥ ساڵ، لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.

ئەفسانە بایزیدی کچی ئەبووبەکر، خوێندکاری زانکۆی پەیام نووری ئەو شارە بووە، کە هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەهۆیەکی ناروون لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

دەرکردنی سزای ١٠٢ مانگ زیندانی تەعزیری بۆ چالاکانی ژن لە خەزەڵوەردا

لە ماوەی مانگی رابردوودا، دادگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ٨ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیان بۆ چالاکانی ژن دەرکردووە.

\"17017.jpg\"
لە رۆژانی سەرەتای خەزەڵوەردا،  حوکمی ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری نەسیم ئەشرەفی هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی تاران، لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ١ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

ناوبراو لە ٢٢ی جۆزەردانی ئەمساڵدا، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تاوانی \"تەبلیغ بە دژی نیزام\" و \"ئەندامەتی لە رێکخستنی ئایینی بەهاییەکاندا\" بە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

نەسیم ئەشرەفی لە رێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩١ی هەتاویدا دەستبەسەر و رێکەوتی ١١ی گەلاوێژی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تومانی ئازاد کرابوو.

لە لایەکی دیکەوە، نەسیم باقری، هاوڵاتیی بەهایی دانیشتووی تاران و یەکێک لە ئەندامانی سەربە \" ناوەندی زانستیی سەرهێڵ\"ی بەهاییەکان، حوکمی ٤ ساڵ زیندانی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.

نەسیم باقری رێکەوتی ١٦ی رەزبەر بە تاوانی \" هەوڵدان دژی تەناهی وڵات لە رێگەی ئەندامەتی لە BIHE بە دادوەریی قازی مۆقەیسە بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری، مەحکووم کرا.

هەروەها لە ناوەڕاستی خەزەڵوەردا، پگاهـ ئاهەنگەرانی یەکێکلە ئەکتەرە بەناوبانگەکانی سینەمای ئێران، لە دادگای سەرەتاییدا و لەلایەن دادوەر مۆقەیسەوە بە ١٨ مانگ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

شەهێن بایزیدپوور ژنە چالاکی کورد و ئەندامی پێشووی شوورای شاری بۆکان، لە کۆتاییەکانی خەزەڵوەردا، لەلایەن دادگای شاری بۆکانەوە سزای ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری بە سەردا سەپا.

شەهێن بایزیدپوور رێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەشاری بۆکان و لەلایەن ئیتلاعاتی سپای ئەو شارەوە دەستبەسەر و پاش ٢٢ رۆژ  بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ راگوێزرا.

هەروەها، حوکمی سەرتایی دادگای شۆڕشی قەزوین بۆ موحتەرەم رەحمانی، چالاکی فەرهەنگیی ئەو شارە، لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٣ میلیۆن تمەن جەریمە کەم کرایەوە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی بە تاوانی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی تاوتوێ کردنی مێژووی ئێران، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی قەزوینەوە دەستبەسەر کرابوون.

سزای زیندانی ٥ چالاکی ژن لە خەزەڵوەردا جێبەجێ کرا

لە ماوەی مانگی رابردوودا، سزای زیندانی ٥ چالاکی ژنی پەیڕەویی ئایینی بەهایی لە مەشهەد جێبەجێ کرا.

\"17011.jpg\"
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ١١ی خەزەڵوەر، ئەنیسا دێهقانی هاووڵاتی بەهایی دانیشتووی ئیسفەهان بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەەی خۆی بە بەشی ئیجرای ئەحکامی زیندانی وەکیل‌ئابادی مەشهەد ناساند.

ناوبراو بە پێی بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی خۆراسانی رەزەوی بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە بەهاییە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە مەشهەد دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانی بارمەتە ئازاد کرابوو.

لە لایەکی دیکەوە، چوار چالاکی ژنی بەهایی، بە ناوەکانی نگین ئەحمەدیان، حۆریە حوسەینی، بێهناز حەدادزادە و نیگار مەلەک زادە پاش ئەوەی رۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر بانگهێشت کران، دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی وەکیڵ‌ئابادی مەشهەد کراوون.

ئەم ٥ هاووڵاتییە بەهاییە مانگی رابردوو لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی خۆراسانی رەزەوییەوە بە تاوانی \" پڕوپاگەندە دژی نیزام لە رێگەی پڕوپاگەندە بۆ بەهاییەت\"ـەوە هەر کامەیان بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری، مەحکووم کرابوون.

دۆخی نالەباری دۆخی جەستەیی و ناڕووی چارەنووسی ٤ چالاکی ژن لە زیندان

لە ماوەی مانگی رابردوودا، چوار حاڵەتی پێشلکردنی مافەکانی ژنان کە رێگرتن لە چوونە مەرەخەسیی دەرمانی و ناڕوونی چارەنووسی چالاکانی ژن لە خۆ دەگرێت، تۆمار کراوە.

\"17016.jpg\"
لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەردا، \"مریەم موقەدەسی\" زیندانی سیاسیی کورد بە هۆی هەڵدانەوەی نەخۆشییەکەی و کەمتەرخەمی بەرپرسانی زیندانی ئێڤین، تووشی نەخۆشی بووەتەوە و رەوانەی یەکێک لەناوەندە دەرمانییەکانی تاران کراوە.
مریەم موقەدەسی مانگی بانەمەڕی ١٣٨٩ی هەتاوی بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و دواتر حوکمی ٩ ساڵ زیندان بۆ بڕایەوە.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی زیندانی دیزل‌ئابادی کرماشان لە دانی مەرەخەسیی دەرمانی بە زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد کە تووشی نەخۆشیی چاو بووە و ئەگەری لەدەست دانی بینایی چاوەکانی لە ئارادایە، خۆیان بواردووە.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە بەرپرسانی زیندان بەڵێنییان بەم زیندانییە سیاسییە دابوو کە بە مەبەستی چارەسەریی نەخۆشییەکەی، رەوانەی مەرەخەسیی دەرمانی بکرێت.

زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد، لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ بە تاوانی دژایەتی لەگەڵ خودا و هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئوپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران دەستبە سەر و بە ئێعدام مەحکووم کرا.

ئەو حوکمە لە \"دیوانی بەرزی وڵات\"دا بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.

هەروەها،  سدیقە مورادی تەمەن ٥١ ساڵ کە بەیەکێک لە زیندانیانی بە ساڵاچووی زیندانی ئێڤین بە ئەژمار دەکرێت و شەویلاکە و ددانەکانی تووشی ئازار بوون و بەهۆی نەبوونی پزیشکی پسپۆرەوە تەندرووستی کەوتووەتە مەترسییەوە.

بنەماڵەی سدیقە چەندین جار لای پزیشکانی پسۆڕ نۆرەیان بۆ ناوبراو گرتووە، بەڵام بەپرسانی زیندان ئیزیان بە سدیقە نەداوە کە سەردانی پزیشک بکات.

سدیقە مورادی رێکەوتی ١١ی بانەمەڕی ١٣٩٠ی هەتاوی لە شاری تاران دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئێڤین راگوێزرابوو.

ناوبراو لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆرشی تارانەوە بە تاوانی \"دژایەتی لە گڵ خودا\" و \" هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ زیندانی گەوهەردەشت مەحکوم کرابوو کە دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە دا پشتراست کرایەوە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرەڕای ئەوەی کە یەک مانگ بە سەر کاتی بەڕێوەچوونی دادگای مەریەم شەفیع‌پوور لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە دادوەریی سەڵەواتی تێپەڕ دەبێت، بەڵام پەروەندەی ناوبراو وەک خۆی ماوەتەوە و هاوکات لەگەڵ ئازادیی ناوبراویش بە دانانی بارمتە، دژایەتی کراوە.

مریەم شەفیع‌پوور رۆژی شەممە ٥ی گەلاوێژ، دوای بانگهێشت کران بۆ لقی ٢٠ی دادسەرای \"شهید موقەدەس\"، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ئەم خوێندکارە، ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویش بە هۆی چالاکییەکانیەوە لە لایەن دادگای شۆڕشی \"قەزوێن\"ەوە بە یەک ساڵ زیندانیی هەڵپسێردراو مەحکووم کرابوو.

چالاکێکی ژن لە خەزەڵوەرا ئازاد کرا

لە ماوەی مانگی رابردوودا، یەکێک لە چالاکانی ژنی دەستبەسەر کراو لە زیندانەکانی ئێران ئازاد کرا.

\"17015.jpg\"
رۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەر، ناهید قەدیری هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی مەشهەد لە ٣ ساڵ و ٩ مانگ و ١١ رۆژ لە ماوەی حوکمەکەی تێپەڕاندبوو، بە شێوەیەکی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرا.

ناوبراو پێشتر لەلایەن یەکێک لە دادگای ئینقلابی مەشهەدەوە بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ناهید قەدیری لە حاڵێکدا بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا، کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە بیانووی ئەمنیەتی بوونی پەروەندەکانیان لەم مافی ئازادیی مەرجدار بێبەش کرابوون.

سەرچاوەکان :
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا 
ماڵپەڕی هێرانا
ماڵپەڕی چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێراندا
ماڵپەڕی چالاکانی تاراوگە
ماڵپەڕی گۆڕان لە پێناو بەرابەریدا
ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژهەڵات
ماڵپەڕی \"ملی مذهبی\"
ماڵپەڕی پەیام
هەواڵدەریی ئیسنا
ماڵپەڕی موکریان
ماڵپەڕی رۆژهەڵات تایمز
ماڵپەڕی دادگوستەریی پارێزگای یەزد