راپۆرتی شیکاری – ئاماریی لەسێدارەدانی ٧٢٦ کەس لەوڵاتی ئێران (٢٠١٣)

17:47 - 13 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: لەراپۆرتێکی شیکاری ـ ئاماریی لە سێدارەدانی هاووڵاتییان لەوڵاتی ئێران لەساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا، لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاوە بڵاو دەکرێتەوە.

ئەم راپۆرتە بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ئامادە کراوە، کە لێرەدا تەنیا بەشیوەی ژمارە دەخرێتەڕوو.

خشتەی (١)

ژمارە و تاوانی کەسانی لەسێدارە دراو دەخاتەڕوو (٢٠١٣)

\"17649.jpg\"

ئاماژە کردن بە تاوانی ئەو کەسانەی لەسێدارە دراون بەپێی ئەو زانیارییانەی، کە لە پەروەندەکانیاندا نووسراوە، بەدەست کەتوون.

بەپێی خشتەی (١) لەسێدارە دانی ٣١٩ کەس بە تاوانی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان، زۆرترین ئاماری ئەم خشتەیەی لەخۆ گرتووە و هەروەها ١٧٦ کەسیش تاوانەکانیان روون نەبۆتەوە، کە زۆربەیان بەکۆمەڵ لە زیندانەکاندا لەسێدارە دراون.

بەپێی ئەم ئامارە ٥٢ کەسیان هاووڵاتییانی کورد پێکیان هێناوە، کە ٣ کەسیان بە ناوەکانی حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور، رەزا ئیسماعیلی و شێرکۆ مەعارفی زیندانیانی سیاسیی کورد بوون، کەلە زیندانەکاندا لەسێدارە دران. هەروەها ٣ زیندانیی سیاسیی کورد و ١١ زیندانیی سوننی مەزهەبی کورد حوکمی سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە.

لەنێوان ئەو کەسانەی کە بە تاوانی \"موحاربە (شەڕ لەگەڵ خودا)\" لەسێدارە دراون، هاووڵاتییانی بەلووچ و عەرەبیش بوونیان هەیە. هەروەها ٢١ کەس هاووڵاتیی ئەفغانیش لە زیندانەکانی ئێران لە ماوەی ئەمساڵدا لەسێدارە دراون.

بەپێی یاساکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کەسانی تاوانبار بە کوشتنی ئەنقەست، دەستدرێژیی جنسی، دزی کردن بەچەکەوە، بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان و رەت کردنەوەی ئایینی ئیسلام، سزای لەسێدارە درانیان بەسەردا دەسەپێندرێت.

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا، بڵاوی کردۆتەوە، بە لەسێدارە دانی هاووڵاتییان لەئێران، کێشەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە چارەسەر نابن و هاوکات ئەم شێوە بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ ماددەی هۆشبەرەکان بە کردوەیەکی هەڵە و سووکایەتی کردن بە مافی مرۆڤ لەقەڵەم داوە، چونکە چوونەسەرەوەی ژمارەی لەسێدارە دان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا نە تەنیا کێشەی ماددە هۆشبەرەکانی چارەسەر نەکردووە، بەڵکوو تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و تووشبوون بەو ماددە هۆشبەرانەش گەیشتوونەتە لووتکە.

هەروەها لەم ساڵدا ٥ کەس لەو کەسانەی لەسێدارە دراون، لەکاتی ئەنجامدانی تووشبوون بە تاوان، تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵدا بووە و هەروەها لەمساڵدا ٢ کەسی دیکەش حوکمی سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە.

بەپێی ماددەی ٤٩ی یاسای سزادانی ئیسلامی : \"منداڵان (= ئەو کەسانەی هێشتا کامڵ نەبوو) لەکاتی تووشبوون بە تاوان، هیچ سزایەک نایانگرێتەوە\". یاسای مەدەنی لە ماددەی ١٢١٠دا تەمەنی کامڵبوونی کوڕانی ١٥ ساڵ و کچانیشی ٩ ساڵ دیاری کردووە. ئەمەش لەکاتێک دایە لەهیچ شوێنیکی یاسادا تەمەنی بەرپرسیاربوون لە تاوان دەستنیشان نەکراوە.\"

خشتەی (٢)

ئەو گرتووخانانەی کە حوکمی سێدارەیان تێدا جێبەجێ کراوە، لەم خشتەیەدا دەخرێتەڕوو

\"17650.jpg\"

لەسێدارە دانی هاووڵاتییان لەبەر چاوی خەڵک، کە هەموو ساڵێک بەڕێوەچووە، بە شێوەیکی سیستماتیک بۆ پەرەپێدانی توندوتیژی لەبەستێنی کۆمەڵگەدا دادەندرێت، کە لەلایەن ناوەندە رەسمییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەرێوە دەچێت.

خشتەی (١)

\"17651.jpg\"

دەوڵەتی حەسەن رۆحانی لە ماوەیەکی کورت لەماوەی دەسەڵاتداریەتیی خۆیدا، ئامارێکی یەکجار زۆری لەسێدارەدان لە کارنامەی خۆیدا تۆمار کرد. حەسەن رۆحانی لەکاتی بانگەشە کردنی هەڵبژاردنەکاندا رایگەیاندبوو کە بارودۆخی مافی مرۆڤ لەئێران دەچێتە قۆناغێکی باشترەوە و تەنانەت باسی لە بەتاڵبوونی زیندانەکان کردبوو.

دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەکاتی هەڵبژێردانی حەسەن رۆحانییەوە هەتا ئێستا بارودۆزخی سیاسیی لەو وڵاتە تاوتوێ نەکردووە و دەوڵەتیش لەمەڕ ئەو پرسە بێ دەنگیی نواندووە. ئەمەش لەکاتێک دایە کە بەرپرسی دەزگای دادوەریی \"سادق لاریجانی\" رێکەوتی ٢٠ی سەرماوەز لە دانیشتنی بەرپرسانی پلەبەرزی حکوومەتیدا وێڕای رەخنە گرتن لە وڵاتانی رۆژئاوایی، رایگەیاندبوو : \"دژایەتی کردنی سزای سێدارە، دژایەتی کردنی حوکمی ئیسلامە\".

خشتەی (٣)

رەگەز و باری کەسیەتیی کەسانی لەسێدارە دراو دەخاتەڕوو (٢٠١٣)

\"17652.jpg\"

بەپێی خشەی (٣) ناسنامە و باری کەسیەتیی کەسانی لەسێدارە دراو ناڕوونە.

کارناسانی ئەو بوارە لەو باوەڕەدان، لەسێدارە دان و شێوەەکانی توندوتیژی سزادان رێگەی بەرنگاربوونەوەی دیاردە و ئاریشە کۆمەڵایەتییەکان نییە، بەڵکوو رێژەی تاوان زیاتر دەکات و ئەنجامدانیشی لە بەستێنی کۆمەڵ و بنەمالەدا وەکوو پرسێکی ئاسایی سەیر دەکرێت. وەزیری دادگوستەریی دەولەتی حەسەن رۆحانی باسی لەوە کردووە کە رێژەی تاوان لە ئێران چۆتە قۆناغێکی کارەساتبارەوە و لە ئێستادا رێژەی تاوان لە حەشیمەتی وڵاتی ئێران زیاترە.