راپۆرت/‌ لە ئێراندا قوتابییان لە مەترسیی تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکانن

17:25 - 9 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لەحاڵێکدا کە چەند رۆژ لەمەوبەر یەکەم زەنگی دەسپێکی ساڵی تازەی خوێندن لەقوتابخانەکانی ئێران لێدرا، ئامارەکان باس لەدۆخێکی نالەباری قوتابیانی موعتاد دەکەن و دەربڕی ئەوەن کە تەمەنی تووشبوون بەمادە سڕکەرەکان گەیشتۆتە ژێر ١٣ ساڵ.

ـ ناوەندی خەبات دژی مادە سڕکەرەکان: ٧ هەزار قوتابیی موعتاد لە ئێراندا هەیە.

ـ کۆمیسیۆنی پەروەردە و بارهێنان لەمەجلیس: ٣٠ هەزار قوتابیی بەکارهێنەری مادە سڕکەرەکان لە ئێراندا هەیە.

ـ وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان: نزیک بە ٣ هەزار قوتابیی موعتاد لە ئێراندا هەیە.

ئەم ئامار و داتاگەلە لەلایەن خودی ناوەندە فەرمی و پێوەندیدارەکانی خوێندنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو کراونەتەوە و سەرجەمیان پێوەندییان بە قوتابیانەوە هەیە و لە کۆتاییەکانی ساڵی خوێندنی ٩١ ـ ٩٢دا بڵاو کراونەتەوە.

بەپێی ئەوەی‌ کە ئەمساڵ لە ئێران نزیک بە ١٢ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار قوتابیی لەگەڵ لێدرانی زەنگ، چوونەتە قوتابخانەکان، بوونی هەر کام لەو ئامارانەی سەرەوە دەرخەری مەترسییەکی گەورە بۆ سەر داهاتووی قوتابیان و کۆمەڵگای ئێران بەگشتییە.

ئەمانە لەحاڵێکدان کە عەلی عەباسپوور بەرپرسی کومیسیۆنی پەروەردە و بارهێنان لە مەجلیسی حکوومەتی ئێراندا رایگەیاندبوو کە٣٠ هەزار قوتابیی بەکارهێنەری مادە سڕکەرەکان لە ئێراندا هەیە و دوابەدوای ئەو لێدوانە، وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لەپەرچەکردارێکدا ئەو ئامارەی بە ناڕاست زانی و رایگەیاندبوو، تەنیا دوو هەزار و ٨٠٠ قوتابیی موعتاد لەسەرجەم قوتابخانەکانی ئێراندا هەیە.

گرووپێک لەکارناسانی پەروەردە لەو باوەڕەدا بوون کە ئامارەکانی ئەو وەزارەتە شتێکی کۆن و بێ‌بنەمان و دەیانهەوێ‌ لەو رێگایەوە زۆریی رێژەی موعتاد لەنێو قوتابیاندا بشارنەوە.

ساڵی پێشوو وەزیری پەروەردە و بارهێنان لە دانی ئاماری دروستی قوتابیانی موعتاد خۆی بواردبوو و بە هەواڵنێرانی وتبوو \"من هیچ ئامارێک سەبارەت بە قوتابیانی تووشبوو بەمادە سڕکەرەکان بڵاو ناکەمەوە\".

دانانی بەرنامەی پێشگری لەتووشبوونی قوتابیان بە مادە سڕکەرەکان

\"15742.jpg\"
دەوڵەتی ئێران و وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لە ساڵی ١٣٨٩وە بەرنامەیەکیان لەژێر ناوی \"بەرنامەی فەرهەنگی و پێشگری\" لەقوتابخانەکان داناوە و بە وتەی بەڕێوەبەرانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەو مەبەستە زیاتر لە سێ‌ هەزار مامۆستا تەرخان کراوە.

بە وتەی حەسەن مووسەوی بەرپرسی ئەنجومەنی \"مددکاری\" لە ئێران، لە ماوەی وەڕێ‌خستنی ئەو سیستمە و دانانی بەرنامەی تایبەت، رێژەی قوتابیانی تووشبوو بەمادە سڕکەرەکان کەم نەبۆتەوە و تەنانەت هێندێ‌ ماددەی سڕکەری دیکەی وەک شیشە و کراک بە ریزی مادە سڕکەرەکان زیاد بووە.

ئەو لێپرسراوە بەهەواڵدەریی \"ئیسنا\"ی راگەیاندبوو کە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان سەرجەم رێگاکانی بە رووی توێژەران و لێکۆڵەراندا داخستووە و ناهێڵێ‌ ئاماری راستەقینەی رێژەی قوتابیانی تووشبوو بزانرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا مستەفا ئقلیما ئەندامی شوورای ستراتیژی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لەو باوەڕەدابووە کە ئەو سێ‌ هەزار مامۆستایە بۆ فێرکردن و رێنوێنی کردنی قوتابیان دانراون، کارێکی ئەتۆیان لەدەست نایە و بۆ خۆیان سەرقاڵی کێشەی ئابوورین.

ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستۆتە روو کە کارگە فێرکارییەکان لە قوتابخانەکان تەنیا لە چوارچێوەی \"بروشوور\" و بابەتدا قەتیس ماونەتەوە و نەیانتوانیوە قوتابیان بەشێوەی پێویست و شیاو لە مادە سڕکەرەکان ئاگادار بکەنەوە و بە کردەوە هیچ کارێکیان بۆ بنبڕ کردنی ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتییە نەکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی کومیسیۆنی پەروەدە لە مەجلیس، لە حاڵی حازردا تەمەنی تووشبوون بەمادە سڕکەرەکان لە ئێراندا گەیشتۆتە ژێر تەمەن ١٣ ساڵ.

لەماوەی یەک ساڵدا چوار هەزار موعتاد لەئێراندا مردوون

\"15743.jpg\"
بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لە ئێراندا نزیک بە چوار هەزار تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان بەتایبەت \"سەنعەت\"‌ی گیانیان لەدەست داوە و ناوەندی پزشک قانوونیی ئێران رایگەیاندبوو، بە شێوەی نێوەنجی لە هەر رۆژێکدا ١١تووشبوو گیانیان لەدەست دەدەن.

ناوەندی خەبات بەدژی مادە سڕکەرەکان لە ئێران رایگەیاندبوو کە هەنووکە لە ئێران زیاتر لە دوو میلیۆن توشبوو بوونی هەیە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەشێکیش لەو تووشبوانە شناسایی نەکراون.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە مەحموود خودادووست بەرپرسی ناوەندی لێکۆلینەوەی پزشک قانوونیی حکوومەتی ئێران ئاشکرای کردبوو کە لە حاڵی حازردا ١٠ میلیۆن تووشبوو لە ئێراندا هەیە و وتبووشی: بەکارهێنانی تریاک لە نێو وڵاتی ئێراندا بۆتە قەیرانێکی چارەسەر نەکراو، بە چەشنێک کە لە بەکارهێنانی ئەو مادەیەدا لە ئاستی دونیادا یەکەمە.

لە ئێراندا جۆرەکانی مادەی هۆشبەری وەک: تریاک، هێروئین و شیشە زۆرترین بەکارهێنەریان هەیە.