راپۆرت/‌ سەردانی رۆحانی بۆ ئەمریکا و هەڵوێستە دەرەکی و ناوخۆییەکانی ئێران

13:33 - 9 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای سەردانی حەسەن رۆحانی سەرکۆماری تازەی هەڵبژێردراوی حکوومەتی ئێران بۆ ئەمریکا و بەشداریی کردنی لەکۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دانیشتنی لەگەڵ لێپرسراوانی پایەبەرزی وڵاتانی دەرەوە، کۆمەڵێک باس و خواستی لێکەوتەوە.

کانادا خوازیاری پاراستن و چڕکردنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێرانە، \"بنیامین نتانیاهو\" سەرۆک وەزیری ئیسرائیل وتوویەتی: بەرپرسانی ئێران لەمەڕ پرسی چەکی ناوکیی رووڕاست نین، باراک ئۆباما سەرکۆماری ئەمریکا لەو باوەڕەدابووە، رێکاری نیزامیی بەدژی حکوومەتی ئێران هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە و هەروەها پێوەندیی تەلەفوونی رۆحانی لەگەڵ ئۆباما رەخنەی ناوخۆیی ئێرانی لێکەوتۆتەوە. ئەمانە کۆمەڵێک پرسن کە دوای سەردانەکەی رۆحانی بۆ ئەمریکا لەرۆژەڤ دان.

حەسەن رۆحانی لەسەردانەکەی چەند رۆژ لەمەوبەریدا بۆ ویلاتە یەکگرتووەکان وتی: حکوومەتی ئێران دەیهەوێ‌پرسی دۆسیەی ئەتۆمییەکەی هەتا سێ‌یان شەش مانگی دیکە بەتەواوەتی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا چارەسەر بکات و مەبەستیشی لەو کارە، رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی رۆژئاوایە.

بەوتەی کارناسانی ئەو بوارە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەسەردەمی دەسەڵاتداریەتی مەحموود ئەحمەدی‌نژادیشدا بەردەوام لەو لێدوانانەی داوە و هیچ کات هەنگاوی پێویستی بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هەڵنەهێناوە.

لەحاڵی حازردا و بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لەماڵپەڕە جیهانییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، حکوومەتی ئێران لەدوو بنکەی فێردۆ و ئەراک سەرقاڵی چڕکردنەوە و پیتاندنی ئورانیوم هەتا رادەی ٢٠%ـە و ئەو پرسە نیگەرانییەکانی وڵاتانی رۆژئاواو و ئەمریکای زیاتر کردووە.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی رایگەیاندووە، کە چڕ کردنەوە و پیتاندنی ئورانیۆم تەنیا بەمەبەستی کاروباری پزیشکی و وزە بەکار دێت، بەڵام کارناسانی ئەتۆمیی لەو باوەڕەدان پیتاندنی ئورانیۆم هەتا ٢٠% دەکرێ‌مەبەستی دیکەی لەپشت بێت.

ئۆباما پێداگری لەسەر مانەوەی رێکاری نیزامیی بەدژی حکوومەتی ئێران کرد

\"15737.jpg\"
سەرکۆماری ئەمریکا لەکۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسرائیل رایگەیاندووە، هەتا ئەو کاتەی کە پرسی ناوکیی ئێران بەتەواوەتی چارەسەر نەکرێت ئێمە رێکاری نیزامیی لەبەرنامەی کاریمان لا نابەین.

ئۆباما لەپێوەندیی وتووێژ لەگەڵ ئێران وتوویەتی: وڵاتی ئەمریکا زۆر بەچاو کراوەیەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دادەنیشێ‌و بەشێوەیەکی زۆر زانستیانە و بەپێی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان هەڵسوکەوت لەگەڵ ئێران دەکات.

هەر لەو پێوەندییەدا \"بنیامین نتانیاهو\"ش وتوویەتی: حەسەن رۆحانی سەرکۆماری ئێران تەنیا بەشێوەیەکی رۆاڵەتی قسەی کردووە و لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی هەموو شتێکی نەدرکاندووە.

ئەو لێپرسراوە ئیسرائیلیە ئەوەشی خستۆتە روو، لەداهاتوویەکی نزیکدا رووی راستی حکوومەتی ئێران لەمەڕ بەرنامە ناوکییەکەی دەخەمە روو.

پێوەندیی تەلەفوونی رۆحانی لەگەڵ باراک ئۆباما

\"15738.jpg\"
رۆحانی دوای سێ‌رۆژ مانەوەی لەئەمریکا و دانیشتن لەگەڵ \"جان کری\"، لەکۆتایی سەفەرەکەشیدا توانیی بۆماوەی چەند خولەک لەگەڵ ئۆباما قسە بکات.

رۆحانی دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران لەلایەن چەند کەسێکەوە بە لینگە کەوش هێرشی کرایە سەر و بێ‌رێزی پێکرا و لەو پێوەندییەدا \"رادیۆ فەردا\" بڵاوی کردەوە، ئەو دوو کەسە بەسیجی و سەر بە جەناحی ئوسوولگەرا ( بناژوخواز)‌کان بوون و لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە هیچ لێپیچینەوەیەکیشیان لێ‌نەکرا.

بەشێکی بەرچاو لەفەرماندەکانی سپای پاسداران پێوەندیی تەلەفوونی رۆحانی و ئۆبامایان مەحکووم کرد و لەو باوەڕەدابوون، رۆحانی بە شێوەیەکی \"سەرەڕۆیانە\" ئەو کارەی ئەنجام داوە.

محەممەد عەلی جەعفەری فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران بە سایتی \"تسنیم\"‌ی راگەیاندووە، پێوەندیی تەلەفوونی شتێکی پێویست نەبوو و دەبوایە ئەو پێوەندییەدا دوای وتووێژەکان ئەنجام بدرایە.

حەسەن شەریعەتمەداری چاوەدێری سیاسی لەوتووێژ لەگەڵ دەنگی ئەمریکا وتبووی: پێوەندیی دروست کردن لەگەڵ ئەمریکا، بۆ ئێران لەماوەی دەسەڵاتدارییەتیدا هێڵی سوور بووە و هەنووکەش زۆر ئەستەمە کە ئەو دانوستانە سەر بگرێت.

شەریعەتمەداری لەو باوەڕەدابوو، حکوومەتی ئێران پرسی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا وەکوو ستراتیژییەک چاو لێدەکات و ئەمریکاش بەو ئاسانیانە ئامادە نیە لەگەڵ حکوومەتی ئێران پێوەندیی ساز بکات و پرسی ئەتۆمیی و مافی مرۆڤیش بۆ ئەمریکا وەکوو هێڵی سوور وایە.