راپۆرت/ زێڕینگەرەکانی ورمێ لەسەر مانگرتنەکەیان بەردەوامن+وێنــه

21:54 - 15 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: زۆربەی دوکانی زێڕینگەرەکانی شاری ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە زیادبوونی رێژەی ماڵیات، دەستیان داوەتە مانگرتن و دووکانەکانیان داخستووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٥ی جۆزەردان، زۆربەی زێڕینگەرەکانی شاری ورمێ ماوەی نزیک بە سێ حەفتەیە مانیان گرتووەو هەتا ئێستاش لەسەر مانگرتنەکەیان بەردەوامن.

زێڕینگرەکان بە هۆی دانی ٦%یی ماڵیاتی زیادکراوی ساڵەکانی ٩٠و ٩١، مانیان گرتووەو زێڕینگەرانیش ئەمەیان بە جۆرێک \'\'باج وەرگرتنی زۆرەملی\" لەقەڵەم داوە.

یەکێک لە زێڕینگەرەکانی شاری ورمێ وێڕای پشتڕاست کردنەوەی مانگرتنی زێرینگەران بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: زیادکردنی ماڵیات لە مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٨٧ی وەکوو یاسا پەسند کراوە، بەڵام زێڕینگەران ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەو یاسایە نەبوون و تەنانەت زۆرێک لە زێڕینگەرەکان بایەخێکیان بەم یاسایە نەداوە.

ئەو زێڕینگەرە لە وڵامی پرسیارێکدا کە ئەو کێشەیە چییە، گوتی: کێشەکە هەر شتێک بێت، پەیوەندی بە زێڕینگەرەکانەوە نییە، چونکە ناوەندە دەوڵەتییەکان لە ئیدارەی سەنعەت و مەعدەنەوە بۆ تەیار کردن و دانانی سندووقی میکانیزەی فرۆشی زێڕەوە بگرە هەتا ناوەندی دەنگ و رەنگ لە زیادکردنی ئەو ماڵیاتەدا رۆڵیان هەیە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتوون، زێڕینگەرەکان بەهۆی نەدانی ماڵیاتەوە، بڕی ٩٠ هەتا ١٢٠ ملیۆن تمەنیان لەلایەن ئیدارەی کاروباری ماڵیاتەوە لێ ئەستێندراوە.

یەکێکی دیکە لە زێڕینگەرەکانی شاری ورمێ وێڕای رەت کردنەوە تۆمەتی ناوەندە دەوڵەتییەکان لەمەڕ خۆبواردنی زێڕینگەرەکان لە دانی ماڵیاتەکەی ساڵانی رابردوویان، گوتی: گەڵاڵەی ماڵیاتی زیادکراو پیشتر بە شێوەی تاقیکردنەوەو بەدەر لە چوارچێوەی یاسا ئەنجام درا و ئێمەش هیچ هەوڵێکمان بۆ پڕ کردنەوەی فۆڕم لە ئیدارەی ماڵیات نەدا.

بەگوتەی ئەو زێڕینگەرە کوردە، \"نەبوونی سیستەمی ئەلکترۆنیی پێشکەوتوو\"، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی مانگرتنی زێڕینگەرەکانی شاری ورمێ‌یە.

ئەو مانگرتنە لە رۆژانی ٢٤ و ٢٥ی بانەمەڕەوە دەستی پێکردووەو سەرەڕای دانیشتنی نوێنەرانی ئوستانداری، نوێنەرانی مەجلیس لە ورمێ و بەرێوەبەرانی ژووری ئەسناف، هەتا ئێستا بە ئەنجامێکی دیاریکراو و بەر هەست نەگەیشتوون.

بەپێی ئەو راپۆرتەی بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، مانگرتنی زێڕینگەرەکان بەهۆی زیادکرانی ماڵیاتەکەیانەوە، شارەکانی تەورێز و ئیسفەهانیشی گرتۆتەوە.
\"20350.jpg\"

\"20349.jpg\"

\"20351.jpg\"

\"20352.jpg\"

\"20355.jpg\"

\"20354.jpg\"

\"20353.jpg\"