راپۆرت/ زیادبوونی تووشبووان بە ماددەی هۆشبەر و رێژەی مردنی تووشبوان

15:09 - 23 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: رێژەی تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر و گیان لەدەست دان بەهۆی بەکارهێنانی ئەو ماددەیەوە لە شارەکانی کوردستان بەشێوەیکی بەرچاو رووی لەزیادبوون کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رۆژانی حەفتەی رابردوودا هاووڵاتییەکی سەقزی بەناوی \"بەهمەن\" تەمەن ٣٠ ساڵ بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ژێر پردی میراوای شاری بۆکان گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ماوەی نزیک بە ١٠ ساڵە ژێر پردی میراوا بۆتە شوێنێک بۆ کۆبوونەوەی تووشبوان بە ماددەی هۆشبەر و سەرەڕای ئاگاداربوونی ناوەندە حکوومییەکان لەو مەسەلەیە، هەتا ئێستا هیچ هەڵوێستێکیان نەنواندووە\".

رێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ئەمساڵ پزیشکی دادوەریی ئوستانی ئازەربایجانی غەربی بڵاوی کردەوە کەلە ٦ مانگەی یەکەمی ئەمساڵدا ٨ کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەو ئوستانە گیانیان لەدەست داوە.

ئوستانی ئازەربایجانی غەربی ١٥ هەزار تووشبوو بە ماددەی هۆشبەری تێدایە

\"17382.jpg\"
بەپێی ئاماری ئیدارەی بێهزیستیی ئازەربایجانی رۆژئاوا، هەنووکە ١٥ هەزار تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بوونی هەیە کە ٧%ی ئەو تووشبوانە ژنان پێکی دێنن.

هەروەها بەرپرسی پۆلیسیی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا بە هەواڵدەریی ئیسنای راگەیاندبوو کە ٣٩%ی تووشبوان بە ماددەی هۆشبەر لەم ئوستانە، ماددەی کوشەندەی شیشە بەکار دێنن کە نێونجی تەمەنی ٣٧%ی ئەو کەسانە لە نێوان ١٨ هەتا ٣٠ ساڵ دایە.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا دیاردەی تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر لە وڵاتی ئێران و بە تایبەت لە نێو ژناندا رووی لە زیادبوون کردووە و لە چەندین شاری ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کەمپی تایبەت بە وەلانانی ماددەی هۆشبەر بۆ ژنان کراوەتەوە.

سوپای پاسداران هۆکاری سەرەکیی بڵاو کردنەوەی ماددەی هۆشبەر

\"17383.jpg\"
زیادبوونی رێژەی تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە حاڵێک دایە کە بەپێی ئەو راپۆرتانەی بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون، سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ئاشکرا لە شاری سەردەشت ٣٠٠ بنکەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری دامەزراندووە و بەشێوەی پلان بۆ داڕێژراو و سیستماتیک لە شارەکانی کوردستاندا بڵاوی دەکاتەوە.

پێشتریش ئاژانسی کوردپا چەند هەواڵ و راپۆرتی لەسەر بە موعتاد کردنی لاوانی ئاوایی گەلێن لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە و چەند ئاواییەکی ناوچەی دیواندەرە بە دەستی ئەندامانی سوپای پاسداران بڵاو کردبوویەوە کە ئەندامانی سوپای پاسداران بە ئاشکرا ماددەی هۆشبەر لەنێو لاواندا بڵاو دەکەنەوە.

رێژەی تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە شێوەیەک رووی لە زیاد بوون کردووە کەلە چەندین شاری وەکوو \"مەریوان، پاوە، بۆکان و مەهاباد\" ئەنجومەنە فەرهەنگییەکان بەشێوەی خۆڕسک لە رۆژی جیهانیی خەبات دژی ماددە هۆشبەرەکان پیشانگای تایبەت بە خەسارەکانی ماددەی هۆشبەر و رێپێوانیان بۆ وشیار کردنەوە و پەروەردەی منداڵان رێکخستبوو.