راپۆرت/ دۆخی ئێران لە\"رۆژی جیهانیی بێ‌ دوخانیات\"‌دا

15:55 - 10 جۆزەردان 2714
ئاژانسی كوردپا: رۆژی ٣١‌ی مەی (١٠‌ی جۆزەردان)‌ی هەموو ساڵێك لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە وەكوو رۆژی جیهانیی بێ‌ دوخانیات ناودێڕ كراوە و لەو رۆژەدا رێكخراو و دامەزراوە ناحكوومییەكان بانگەشە بۆ نەهێشتنی دوخانیات و بەكارنەهێنانی دەكەن.

\"قەدەغە كردنی رێكلام، پەرەپێدان و بەرگریی لە دوخانیات\" ئەو دروشمەیە كە بە بەردەوامی لەلایەن رێكخراوی تەندروستییەوە بە دژی كۆمپانیاكانی دوخانیات بەكار هاتووە.

دوخانیات (سیگار، تەنباكوو، تووتن) ساڵانە گیانی پێنج میلیۆن مرۆڤ لە دونیادا دەستێنێ‌ و لەو ناو دوخانیاتدا زیاتر لە ٢٠٠ جۆر ماددەی ژەهراوی بوونیان هەیە و ‌ بەیەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی مەرگی هاووڵاتیان دێتە ئەژمار.

بەپێی لێكۆڵینەوەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، لەهەر ٨ چركەدا یەك كەس لەدونیادا بەهۆی بەكارهێنانی دوخانیاتەوە گیانی لەدەست ئەدات.

بەشێكی بەرچاویش لە كۆمپانیاكانی بەرهەم هێنانی سیگار، بە وەرێ‌ خستنی پڕوپاگەندەی و ریکلام و لە قەڵەم دانی سیگار وەكوو سەمبولی شادی، خۆشی و چێژ، دەیانهەوێ‌ كڕیارانی زیاتر لەدەوری خۆیان كۆ بكەنەوە، ئەوان دەیانهەوێ‌ كار لەسەر لاوەكان بكەن و لەو رێگەیەوە بەكارهێنەری زیاتر بەدەست بێنن.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە داڕشتنی یاسایەك ئەو پڕوپاگەندانەی قەدەغە كردووە و خوازیاری ئەوە بووە چیدیكە كۆمپانیاكان رێكلام بەسیگار و تەنباكووە نەكەن. ئەو یاسایە لە چەندین وڵاتی وەكوو ئاڵمان، ئەمریكا، رووسیا و بەشێك لە وڵاتانی ئەندام لە یەكیەتیی ئورووپادا چووە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.

لەوڵاتانی ئەمریكا و ئاڵمان و رووسیا فرۆشتنی سیگار بەكەسانی خوار تەمەن ٢١ ساڵ قەدەغەیە و سەرپێچی كردن لەو بڕیارەش سزای بەدواوەیە و تەنانەت جۆر، قەبارە و درێژی سیگارەكانیشیان دیاری كردووە، هەر چەندە ئەو بڕیارە لەگەڵ خۆڕاگریی خاوەن كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی سیگار و تەنباكوو بەرەڕوو بۆوە بەڵام خۆراگرییەكانیان سەركەوتوو نەبوو.

دۆخی ئێران لەو رۆژە جیهانییەدا

\"20239.jpg\"
وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی ئێران بە بێ‌ لەبەر چاو گرتنی رۆژی جیهانی دوخانیات، یەك هەفتەی (٥ هەتا ١١)‌ی جۆزەردانی وەكوو \"حەفتەی میللیی بێ‌ دوخانیات\" دیاری كردووە و لەو ماوەیەدا وەزارەتی بێهداشت بە لاسایی كردنەوە لە رێكخراوە جیهانییەكان پڕوپاگەندە بۆ نەهێشتنی دوخانیات دەكات.

بەپێی ئاماری خودی ناوەندە تەندروستییەكان، هەتا ئێستا ئەو بانگەشانە نەیانتوانیوە رێژەی بەكارهێنەرانی سیگار و تەنباكوو لەئێران كەم بكەنەوە بەچەشنێك كە بەرپرسی ئیدارەی بارهێنان و بردنەسەرەەوەی تەندروستی بە هەواڵدەریی ئیسنای راگەیاندبوو،\" ساڵانە ١١ هەزار كەس بەهۆی بەكارهێنانی دوخانیاتەوە گیانیان لەدەست دەدەن، بەواتایەكی تر و بەوتەی كارناسێكی ئەو بوارە، لەئێران ٢٠%ی مەرگەكان بەهۆی سیگار و تەنباكووەن.

وتەبێژی كۆمیسیۆنی تەندروستی لەمەجلیس ئاشكرای كردووە، سیاسەتەكانی حكوومەتی ئێران لەمەڕ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەمەبەستی كەم كردنەوەی دوخانیات كاریگەری نەبووە و وڵامی نەداوەتەوە.

لەئێران بەپێچەوانەی وڵاتانی دیكە كۆمپانیاكانی \"دوخانیات\" لە پاوانی خودی حكوومەت دان و بەپێی \"یاسای گشتیی كۆنترۆڵی بەكارهێنانی دوخانیات\" كۆمپانیا بیانییەكان چالاكیان لەئێران قەدەغەیە و تەنانەت كەرتی تایبەتیش لەبازنەی ئەو یاسایە دایە.

رێكخراوی \"كۆمەڵی خەبات بەدژی بەكارهێنانی دوخانیات لەئێران\" بە بەردەوامی لەو باوەڕەدابووە، بەپێی ئەوەی كە حكوومەتی ئێران لەرێگەی بەرمهێنانی سیگارەوە قازانجێكی زۆری هەیە، هیچكات بڕیار بەدژی ئەو قازانجەی دەرناكات.

حكوومەتی ئێران ساڵانە لەفرۆشی دوخانیات یەك هەزار و ٧٥٠ ملیارد تمەن داهاتی هەیە.

زیادبوونی رێژەی بەکارهێنانی دوخانیات و هاتنە خواری تەمەنی بەکارهێنەر

\"20236.jpg\"
لەحاڵی حازردا ئاستی بەكارهێنانی مادە دووكەڵییەكان (سیگار، قلیان) لەنێو لاوەكاندا گەیشتۆتە ١٣ هەتا ١٥ ساڵ و ئەو رێژەیە لە ساڵی ١٣٩٢ بە بەراورد لەگەڵ ١٣٨٦، ٣٧% چوونە سەری بەخۆیەوە بینیوە.

ئەو رێژەیە لەساڵی ١٣٨٢دا، ١٢% بووە، و كارناسان بە بەردەوامی رایانگەیاندووە بەكارهێنانی دوخانیات دەتوانێ‌ رێگە خۆشكەر بێت بۆ تووشبوون بە مادە سڕكەرەكان. بەپێی ئامارە فەرمییەكانی ناوەندی خەبات بەدژی مادە سڕكەرەكان، لەئێران زیاتر لە یەك میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر هەیە.

لەكۆی گشتیی ئەو ٣٧%‌ـە كە تەمەنیان لەنێوان ١٣ بۆ ١٥ ساڵە، ٩%‌یان كچانی ١٣ هەتا ١٥ ساڵ تەمەن پێكی دێنن، لەئێران نزیك بە ٢٦%‌‌ی كچان و ژنان دوخانیات ( سیگار، قلیان) دەكێشن.

ساڵانە نزیك بە ٦٥ هەتا ٧٠ میلیارد \"نخ\" سیگار لەئێران بەكار دەهێندرێ‌ و ٢٥% لەو رێژەیە لەرێگای قاچاغەوە دەهێندرێتە ئێران.

ناوەندە ئەمنیەتی ـ ئینتزامیەكانی حكوومەتی ئێران دەڵێین، بەشێكی بەرچاو لەو سیگارە، لە سنوورەكانی كوردستانەوە دێنە ناو ئێران، بەڵام بەوتەی بازرگانان: داهاتی ئەو سیگارە قاچاغە ناچێتە گیرفانی خەڵكی كوردستان و \"كارتل\"ـە ئابوورییەكان داهاتەكەی دەبن.

نەخۆشی دڵ لەئەنجامی دووكەڵی دوخانیات

\"20237.jpg\"
بەوتەی پزیشكان، بەكارهێنەرانی دوخانیات ئەوەندەی كە زەرەر لە خۆیان دەدەن، بەهەمان رادەش دووكەڵی سیگار یان قلیانەكەیان بۆ دەورووبەریان مەترسیی هەیە.

بەباوەڕی پسپۆڕانی بواری پزیشكی، نەخۆشی \"ئیسكمیكی دڵ\" یەكێك لەو نەخۆشە باوانەیە كە لەرێگای هەڵمژینی دووكەڵی سیگار و قلیان كە ٢٠٠ جۆر مادەی ژەهراوی تێدایە، ساڵانە دەبێتە هۆی گیان لەدەست دانی خەڵكێكی زۆر لەئێران.

لەوڵاتی ئێران ٢٠%ی مردنی هاووڵاتییان بە هۆی نەخۆشی دڵەوە روو دەدەن و بەشێكی بەرچاویش لەو رێژەیە بەهۆی بەكارهێنان و هەڵمژینی دووكەڵی سیگار و قلیانەوە گیان لەدەست دەدەن.

شێوازی ژیانی هاووڵاتیان، جۆری خۆراك، كەم جووڵەیی لە هۆكارەكانی دیكەی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ لەئێران دێنە ئەژمار.

وڵاتانی ئەندام لەرێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی ١٩٨٧‌‌دا، رۆژی \"٣١‌مەی\"‌یان وەکوو رۆژی \"جیهانیی بێ‌ دوخانیات\" ناودێڕ كردووە.